لەژێر درووشمی “بونیادنانی سیستمێكی نوێی هاوكاریی” ئەمڕۆ شەممە 6ی نیسانی 2019 چالاكییەكانی كۆڕبەندی ئابووری جیهان لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، دەستی بەكارەكانی كرد.
كۆڕبەندی ئەمجارە لە كۆشكی شا حسێن كوڕی تەلال، لە كەناری دەریای مردوو لە عەممان-ی پایتەختی ئوردن بەڕێوەدەچێت، تیایدا مەسعود بارزانی- سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك لەوەزیرانی حكومەتی هەرێم بەشداری تێدا دەكەن.
شا عەبدوڵای پادشای ئوردن بە ئامادەبوونی شاژن رانیا، بەووتارێك كۆڕبەندەكەی كردەوە.
لە كۆڕبەندەكەدا زیاتر لە 1000 سەرۆك و سەركردەی حكوومەتەكانی جیهان و كەسایەتی كاریگەر و كۆمپانیا بەناوبانگەكان و كۆمەڵگای مەدەنی لە 50 دەوڵەتەوە بەشدارییان تێداكردووە.
لە 32 دانیشتن و پانێلدا بەشداربووان گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی گرنگ دەكەن وەك (پێوەرە نوێیەكانی فێركردنی گشتی، دابەشكردنی ئابووری لە رووی جوگرافی و بانك لە ناوچەكەدا، سەكۆ نوێیەكانی چاودێریی تەندرووستی، وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆییەكان و بەڕێوەبردنی مەترسییەكانی حكوومەتی ئەلیكترۆنی).
كۆڕبەندەكە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و بە هاوبەشی نێوان سندووقی شا عەبدوڵای دووەم بۆ گەشەپێدان و كۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس بەڕێوەدەبرێت.