بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ئاشكرای دەكات، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە كردویانە لەسنوری گەرمیان زیانە كشتوكاڵیەكان بەزیاتر لە ١٢٤ ملیۆن دینار خەمڵێنراوە.
شادیە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ڕاگەیاند، لەسەرجەم ئەو ناوچانەی بەروبومە كشتوكاڵییە وەرزییەكان چێنراون تیمی تایبەتی سەر بەبەڕێوەبەرایەتییەكەیان چاودێری و بەدواداجونی مەیدانییان بۆ بەرهەمەكان كردووەو بۆمان دەركەوتوە كە زیان بەر بەروبومەكان كەوتووە بەجۆرێك تەنها زیانەكانی سنوری كشتوكاڵی قۆرەتو بە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن دینار خەمڵێنراوە.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ئاماژەی بەوەشكرد، زیانەكان جۆراوجۆرن و پۆلێنبەندی تایبەتیان بۆكراوەو خەمڵاندنەكەش لیژنەی تایبەتمەند كردویانە. شادیە حسێن وتیشی، كۆی گشتی زیانەكانی زیاترە لە ١٢٤ ملیۆن دینار و خۆی دەبینێتەوە لە خەرجیەكانی بنەتۆو و ئامادەكارییەكانی جوتیارەكە لەوەرزی چاندنی بەروبومدا.
بەهۆی زۆری بارانبارین و لافاوو و هەندێك نەخۆشی كە توشی بەروبومە كشتوكاڵیەكان دەبن و ناجێگیری ڕەوشی كەشوهەوای وەرزی زستان و بەهارەوە لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەشێك لەبەروبومەكشتوكاڵیەكان زیانیان پێگەشتووە.