فۆربیس: باڵۆنی تورکیا تەقی، قەیرانی ئابوری درێژخایەن دەبێت

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە خۆجییەکانی ٣١ی ئازاری تورکیادا زۆرێک لە شارە گەورەکان کەوتنە دەست هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، زۆرێک لە چاودێرە ئابوورییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە قەیرانی ئابوری تورکیا قووڵتر دەبێتەوە. گۆڤاری ئابووری فۆربیس یەکێک لەو دەزگا ئابوورییانەی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ئابووری تورکیا دەکات.

شیکارییەکی گۆڤاری فۆربیس لە لایەن خیسێ کۆڵۆمبۆوە ئامادەکراوە کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٨ دا پێشبینی ئەو قەیرانە ئابوورییەکی کرد کە ڕووی لە ئەمریکا کرد، و لە ژێر ناونیشانی “باڵۆنی تورکیا تەقی” بڵاوکرایەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە دوای ئەو داڕمانەوە سەختەی بەسەر ئابوری تورکیادا هاتووە، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی کاتێکی زۆری دەوێت.

خیسێ کۆڵۆمبۆ ئاماژە بۆ ئەو مەترسییانە دەکات کە لە پێنج ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی تورکیا بووەوە و دەڵێت: “لە تورکیادا ڕێژەیەکی زۆر کرێدی بۆ خەڵکی کرایەوە بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی سوودی بانکی و ئەوەش باڵۆنێکی دەستکردی ئابوری درووست کرد. زۆرێک لە خەڵکی ئەوەیان بە شتێکی ڕەوا و هەمیشەیی دەزانی. بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ وە هەتا ئێستا بانکی ناوەندی تورکیا لە پێناو ڕاگرتنی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان ناچاربوو بەردەوام ڕێژەی سوودی بانکی زیاد بکات.”

کۆڵۆمبۆ لە درێژەی شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بۆ یەکەم جار لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٨ ڕێژەی سوودی بانکی دابەزی و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی باڵۆنی وەرگرتنی کرێدی بە تەوای هەڵبئاوسێت، و کاتێک سەردەمی ڕێژەی نزمی سوودی بانکی لە ساڵی ٢٠١٨ کۆتایی هات، قەیرانێکی لەو شێوەیە درووستبوو و چەقبەستوویی ئابوری ڕووی لە تورکیا کرد.

کۆڵۆمبۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە بەرپرسیارگرتنی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تێکچوونی بارودۆخی ئابوری تورکیا کارێکی زۆر هەڵەیە و هۆکاری سەرەکی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری تورکیا ئەو هەڵانەیە کە ماوەی چەندین ساڵە ئەنجام دەدرێت. قەیرانێک کە لە ماوەی ١٥ ساڵدا درووست بووبێت، لە ماوەی ٦ مانگدا کۆتایی نایەت. لە دوای ئەو داڕمانەوە سەختەی بەسەر ئابوری تورکیادا هاتووە، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی کاتێکی زۆری دەوێت.