بۆ لەمەودوا دەرهێنان و كاروباری پاسپۆرت لە عێراق بەگوێرەی شوێنی جوگرافی شوێنی نیشتەجێبون دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە سلێمانی رونكردنەوە بۆ بڕیارەكەی عێراق دەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا دابەشكاری بەرێوەبەرایەتیەكانی پاسپۆرت بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت بەشێك لە شوێنەكان پاسپۆرتیان دەگوێزرێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوە كراوە، نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی، گەڕەكەكانی ناو شاری سلێمانی دەگرێتەوە ئەوانەی كارتی زانیارییان سنووری پارێزگای سلێمانییە وەك گەڕەكەكانی (سەرچنار، راپەڕین، كوردسات، بەكرەجۆ، سەرا، ئازادی، سەیوان، ئەزمڕ، ھەواری شار، رزگاری، بەختیاری و ئیبراھیم ئەحمەد).
ئەو ھاوڵاتیانەشی كارتی زانیارییان سەر بەم قەزا و ناحیانەیە (دوكان، پیرەمەگرون، بازیان، چوارتا، ماوەت، قەرەداغ، پێنجوێن، چەمچەماڵ، شۆڕش و ئاغجەلەر)ە دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی مامەڵەی پاسپۆرت ئەنجام بدەن.
هەر بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوە بەشێكیتر لە هاوڵاتیان كاروبارەكانیان دەچێنە سنوری نوسینگەی پاسپۆرتی كەلارو ئەوانیش پێكهاتون لەو هاوڵاتیانەی دانیشتووی سنوری ئیدارەی (گەرمیان)ن كارتی زانیارییان سەر بە ( كەلار، كەلاری كۆن، كفری و دەربەندیخان)مامەڵەكانیان ئەنجام بدەن.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە بۆ نوسینگەی پاسپۆرتی رانیە هاوڵاتیانی دانیشتووی سنوری ئیدارەی (راپەڕین)ن كارتی زانیارییان سەر بە (رانیە، قەڵادزێ، پشدەر، كێوەڕەش، چوارقوڕنە، حاجیاوا، خدران، بنگرد)ە دەتوانن مامەڵەی پاسپۆرت بكەن.
لەو راگەیەندراوەدا ئەوەش وتراوە كە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی ھەڵەبجە ئەو ھاوڵاتیانەی دانیشتووی سنوری پارێزگای (ھەڵەبجە)ن كارتی زانیارییان سەر بە (ھەڵەبجە، سیروان، خورماڵ، بیارە، سەیدسادق، شارەزوور، بەمۆ)یە لە پاسپۆرتی ھەڵەبجە دەتوانن مامەڵەی پاسپۆرت بكەن.