كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ 16 سەعات بەرزبۆتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و بەگەڕخستنەوە سەرجەم یەكەكانی كارۆئاویی بەرهەمهێنانی كارەبا بڵاوكردەوەو ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، لەئەنجامی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و بەرزی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، رێژەی بەردانەوەی ئاو لەهەردوو بەنداوەكە زیادیكردووەو بەو هۆیەشەوە توانراوە سەرجەم یەكەكانی كارۆئاوی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو دوو وێستگەیە بخرێنە كار، بەشێوەیەك لەبەنداوی دوكان رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتۆتە 280 مێگاوات و لە دەربەندیخانیش 240 مێگاوات كارەبا، بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمینجار دەگاتە 3 هەزار و 600 مێگاوات كارەبا بە پشتبەستن بەسەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.


لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەم مانگەشدا ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ 16 سەعات بەرزبۆتەوە، هاوكات وەزارەتی كارەباش كاری چاكسازیی لە یەكەكانی بەرهەمهێنان دەكات و توانیویەتی هەموو یەكەكان بخاتەوە كار.