قوباد تاڵه‌بانی: پرۆژه‌ی زۆرمان بۆ قه‌زای دوكان هه‌یه‌


ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 2-4-2019  به‌ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاڵوگۆڕی قائیمقامی قه‌زای دوكان كرا.

له‌مه‌راسیمه‌كه‌شدا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: له‌م مه‌راسیمه‌دا كاره‌كانی شاهۆ عوسمان كه‌ریم قائیمقامی پێشووی قه‌زای دوكان به‌رزده‌نڕخێنم و هیواخوازم له‌داهاتوودا سیروان سه‌رحه‌د ته‌واوكه‌ری كاره‌كانی بێت و پاش دوو ساڵی دیكه‌ جارێكی دیكه‌ من له‌به‌رده‌می ئێوه‌دا وه‌ك چۆن باس له‌كاره‌ به‌رده‌وامه‌كانی شاهۆ عوسمان ده‌كه‌م، به‌هه‌مان شێوه‌ باسی كارو پرۆژه‌ گرنگه‌كانی قائیمقامی ئێستای قه‌زاكه‌ بكه‌م.

 وتیشی: پێویسته‌ به‌هه‌موومان پشتگیرو هاوكاری قائیمقامی نوێی قه‌زاكه‌ بین، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌تی زیاتر به‌دانیشتوانی سنووره‌كه‌ بكه‌ین.

 له‌باره‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت وتی: له‌ رابردوودا ساته‌ سه‌خته‌كانمان تێپه‌ڕاندو زۆر گه‌شبینم به‌ داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ركی حكومه‌ت له‌داهاتوودا گرانترو قورسترده‌بێت و ئاستی داواكاری خه‌ڵك به‌رزترده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌ركه‌كه‌مان ماینه‌وه‌ به‌ڵێنی به‌رده‌وامییتان پێده‌ده‌ین، چونكه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كورستان شایه‌نی خزمه‌تی زیاترن.

قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پرۆژه‌ی زۆرمان بۆ سنووری قه‌زای دوكان له‌ بواره‌كانی گه‌شتیار و كشتوكاڵ هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ باشبوونی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان زیاتر پرۆژه‌كان ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌لی كاری زیاترو خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌ش به‌خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ ده‌كه‌ین.