نوسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان رێنمایی ده‌كرێن

به‌مه‌به‌ستی پێداچونه‌وه‌ به‌ كاری نووسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاَلییه‌كان و چاودێری ئه‌و ده‌رمان و ماده‌ قڕكه‌رانه‌ی ده‌فرۆشرێن كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌رێوه‌چوو.

له‌وباره‌یه‌وه‌ رزگار حه‌مه‌د خدر جێگری به‌رێوبه‌ری كشتوكاڵی سلێمانی رایگه‌یاند: كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی و به‌شداری نوێنه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تی كشتوكاڵ و ڤێتێرنه‌ری و شاره‌وانی و باخچه‌كانی سلێمانی و لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوونی نوسینگه‌ كشتوكاڵییه‌كان و سه‌ندیكاكانی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی و پزیشكانی ڤێتێرنه‌ری و فرۆشیارانی كه‌لوپه‌لی كشتوكاڵی به‌رێوه‌چوو.

وتیشی: ئامانج له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌دواداچوونی نووسینگه‌ كشتوكاڵییه‌كان و مه‌شته‌له‌كان بوو به‌تایبه‌ت بابه‌تی ماده‌ قڕكه‌ره‌كان و ئه‌و ده‌رمانانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن و پێویسته‌ به‌رێگای یاسایی هاورده‌ بكرێن و رێگه‌پێدراو بن، رێگه‌ش بگیرێت له‌ هاورده‌كردنی ده‌رمان و په‌ینی كیمیایی و ماده‌ قركه‌ره‌ زیانبه‌خش و به‌سه‌رچووه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و به‌رهه‌مهێنانی خۆراكێكی شیاو بۆ به‌كارهێنان.

راشیگه‌یاند: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیاردرا سه‌رجه‌می نوسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان له‌ژێر چاودێری ئه‌ندازیاری كشتوكاڵیدا بن كه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكای ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی و هونه‌روه‌رانی كشتوكاڵی بن و له‌ژێر چاودێری و رێنمایی ئه‌واندا ده‌رمان بدرێت به‌ جوتیاران و خانووه‌ پلاستیكییه‌كان و باخه‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش رێگه‌ نادرێت نوسینگه‌ و كۆمپانیای كشتوكاڵی به‌بێ ئه‌ندازیاری كشتوكاڵی كار بكات.

هاوكات بریار درا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی و به‌رێوبه‌رایه‌تی باخچه‌كان سه‌رژمێرییه‌كی ته‌واوی نه‌مامگاكان و مه‌شته‌له‌كان بكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی چاودێری وردی هاورده‌ و فرۆشتنی نه‌مام بكرێت. بڕیارێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌ بریتی بوو له‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ هاورده‌كردنی بنه‌تۆو، بۆئه‌وه‌ی دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بنه‌تۆوه‌ی هاورده‌ده‌كرێت گونجاو و رێگه‌پێدراوه‌ و رێگه‌ نه‌ده‌ین بنه‌تۆی تۆمار نه‌كراو هاورده‌ بكرێت.   

رزگار حه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ به‌هاوكاری لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت و ئاسایش و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ن و ئامانجیان ده‌ستكه‌وتنی به‌رهه‌مێكی ته‌ندروسته‌ له‌لایه‌ن جوتیارانه‌ وه‌ بۆ هاووڵاتییان.