حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 90 ملیار دینار بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری له‌سلێمانی ته‌رخانده‌كات


حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 90 ملیار دینار بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری له‌سلێمانی ته‌رخانده‌كات، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌وڵی ته‌واو ده‌درێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، كه‌ هه‌وڵه‌كان ئه‌نجامی ده‌بێت و پڕۆژه‌كه‌ش به‌گه‌ڕده‌خرێته‌وه‌.

زیاد جه‌بار، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاندوە: ده‌مێكه‌ دركمان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ناهاوسه‌نگی و جیاوازی له‌پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له ‌داهاتوودا قسه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا ده‌كرێت.

وتیشی: «پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تریی سلێمانی، یه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژانه‌ی چه‌ند جارێكه‌ باس له ‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌كرێت، بۆیه‌ له ‌داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌دواداچوونی بۆ ده‌كرێت و هه‌وڵی ته‌واویش ده‌ده‌رێت بۆ جێبه‌جێكردنی، كه‌ دڵنیام هه‌وڵه‌كان ئه‌نجامی ده‌بێت و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌گه‌ڕده‌خرێته‌وه‌».

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، زیاد حمه‌ ره‌زا، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری و شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاند له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، رایگه‌یاندوە: حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 90 ملیار دیناری وه‌ك گوژمه‌ی یه‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ ته‌رخانكردووه‌و خراوه‌ته‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری».

وتیشی: «ئاگاداری خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ نین، ده‌زانین كه‌ خراوه‌ته‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی، بۆئه‌وه‌ی پارێزگار ده‌ستبه‌جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ بكات».