سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” بە بەدەستێهنانی 6 خەڵاتی گرنگی سینەمایی لە خولە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا پڕشانازیترین دەرهێنەری مێژووی سینەمای ئێران و کوردستانە.
فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” A Time for Drunken Horses یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری بەئەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” لە پەنجاو سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 2000 لە شاری کان لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکراو سێ خەڵاتی ئەم فێستیڤاڵە گرنگەی سینەمای جیهانى بەدەستهێنا، لەوانە: خەڵاتی “کامێڕای زێڕین” Camera D’or و لە بەشی “دوو هەفتەی دەرهێنەرەکان”دا خەڵاتی “ئەزموون و هونەر” C.I.C.A.E واتە “بەهرەمەندی گەنج، بەرهەمی داهێنەرو بوێرانە”ی ئەم بەشەو هەروەها خەڵاتی “فیپڕشی” FIPRESCI واتە “فیدڕاسیونی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی سینەما”.
لە درێژەدا فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم” Marooned in Iraq لە دەرهێنانی قوبادی لە پەنجاو پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 2002 نمایشکراو خەڵاتی “فڕانسوا شاڵە”ی The Francois – Chalais بەدەستهێنا.
ئەم سینەماکارە کوردە ساڵی 2009 بە فیلمی سینەمایی “کەس ئاگای لە پشیلەی ئێرانییەکان نییە!” No One Knows About Persian Cats لە بەشی “جۆرێک ڕوانین” لە شەست و دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” بەشداریکردو خەڵاتی “فڕانسوا شاڵە” و هەروەها خەڵاتی تایبەتی بۆ “کارە نوێیەکان و ڕوانی نوێی” بەدەستهێنا.
“بەهمەن قوبادی” بە وەرگرتنی سێ خەڵاتی فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”، یەک خەڵاتی فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم” و هەروەها دوو خەڵاتی فیلمی سینەمایی “کەس ئاگای لە پشیلەی ئێرانییەکان نییە!”، بە بەدەستهێنانی 6 خەڵاتی گرنگی سینەمایی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی فیلمی “کان”، پڕشانازیترین دەرهێنەرە لە مێژووی سینەمای ئێران و کوردستان.
بەگشتی سینەمای ئێران تائێستا لە 71 خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، 39 خەڵاتی بەدەستهێناوە کە 6 خەڵاتەکەی “بەهمەن قوبادی” لە ڕیزبەندی سەرەوەی ئەم خەڵاتەنەدایەو وەکو سینەماکارێکی سەرکەوتوو دێتە ئەژمار، کە زۆرترین خەڵاتی لەم فێستیڤاڵە گرنگە بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.
بێگومان سینەماکاری ناوداری ئێرانی “عەباس کیارۆستەمی” بە فیلمی سینەمایی “تامی گێلاس” Taste of Cherry لە پەنجایەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 1997، خەڵاتی “جڵە خورمای زێڕین”ی Palme d’Or بەدەستهێنا کە یەکەمین خەڵاتی گرنگی سینەمای ئێران لە ئاستی جیهان دێتە ئەژمارو وەرگرتنی سێ خەڵاتی دیکە لەم فێستیڤاڵە، یەکێکی دیکە لە سینەماکارانی پڕشانازی ئێرانە و “ئەسغەر فەرهادی” و “جەعفەر پەناهی” یەکێکی دیکە لەو سینەماکارە ئێرانییانەن کە لەم ڕووداوە گرنگەی سینەمای جیهان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، ڕۆژی 20ی سێپتەمبەری ساڵی 1946 لە شاری ساحیلی کان لە وڵاتی فەڕەنسا دەستیپێکردو یەکەمین بەشداربوونی فیلمێکی ئێرانی بۆ فیلمی “کوروش کبیر” واتە “کوروشی مەزن” لە دەرهێنانی “مستەفا فەرزانە” دەگەڕێتەوە کە ساڵی 1962 لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ئەم فێستیڤاڵە نمایشکرا.
لە درێژەدا کورتە فیلمی “سەرهەڵدانی خۆر” لە دەرهێنانی “ئەحمەد فاڕوقی قاجار” لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 1965 نمایشکراو خەڵاتی “ئەنجومەنی بەڵای تەکنیکی” بەدەستهێنا.
پاشان فیلمی سینەمایی “زندگی و دیگر هیچ” واتە “ژیان و چی دیکە” Life، and Nothing More… لە دەرهێنانی “عەباس کیارۆستەمی” لە چل و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە ساڵی 1992 نمایشکراو خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “جۆرێک ڕوانین” و خەڵاتی “رۆسۆلینی” بەدەستهێنا.
ساڵی 1995 فیلمی سینەمایی “بادکنک سفید” واتە “پفدانگی سپی” The White Balloon لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” لە چل و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو توانی خەڵاتی “کامێڕای زێڕین”، خەڵاتی “فیپڕشی” واتە “فیدڕاسیونی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی سینەما” و هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پازدە ڕۆژ دەرهێنەرەکانی کان”ی بەدەستێهنا.
ساڵی 2000 فیلمی سینەمایی “تەختەی ڕەش” Blackboards لە دەرهێنانی “سەمیرا مەخمەلباف” لە پەنجاو سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو توانی “خەڵاتی دەدوەران” بەدەستبێنێت. و لەهەمانساڵیشدا فیلمی سینەمایی “جومعە” Djomeh لە دەرهێنانی “حەسەن یەکتاپەناە” خەڵاتی “کامێڕای زێڕین”ی پێبەخشرا.
ساڵی 2001 فیلمی سینەمایی “سفر قندهار” واتە “سەفەری قەندەهار” Kandahar لە دەرهێنانی “موحسین مەخمەلباف” لە بەشی پێشبڕکێی پەنجاو چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو خەڵاتی گەورەی “کڵێسەی جیهانی” بەدەستێهنا.
ساڵی 2002 فیلمی سینەمایی “زیر نور ماە” واتە “لەژێر ڕووناکی مانگ” Under the Moonlight لە دەرهێنانی “ڕەزا میرکەریمی” خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “هەفتەی ڕخنەگران”ی پەنجاو پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی پێبەخشرا.
ساڵی 2003 فیلمی سینەمایی “پنج عسر” واتە “پێنجی دوانیوەڕۆ” At Five in the Afternoon لە دەرهێنانی “سەمیرا مەخمەلباف” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی پەنجاو شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو خەڵاتی “ئەندامانی لێژنەی دادوەران” و خەڵاتی گەورەی “کڵێسەی جیهانی” Prize of the Ecumenical Jury پێبەخشراو هەروەها فیلمی سینەمایی “تلای سرخ” واتە “زێڕیی سوور” Crimson Gold لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” خەڵاتی “ئەندامانی لێژنەی دادوەران”ی بەشی پێشبڕکێی “جۆرێک ڕوانینی” بەدەستێهنا.
ساڵی 2005 فیلمی سینەمایی “خواب تلخ” واتە “خەونی تاڵ” Bitter Dream لە دەرهێنانی “موحسین ئەمیریۆسفی” لە پەنجاو هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو ڕێزلێنانی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی “کامێڕای زێڕین” و خەڵاتی “ڕوانینی گەنجی” بەشی “پازدە ڕۆژ دەرهێنەران”ی ئەم فێستیڤاڵەی پێبەخشرا.
ساڵی 2010 فیلمی سینەمایی “کپی برابر اسل” واتە “کۆپی بەرانبەرە به ئەسڵ” Certified Copy لە دەرهێنانی “عەباس کیارۆستەمی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو “ژۆلییەت بێنووش” Juliette Binoche ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی ئەم فیلمە خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەتی ئەم فێستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
ساڵی 2011 فیلمی سینەمایی “این یک فیلم نیست” واتە “ئەوە یەک فیلم نییە” This Is Not a Film لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو خەڵاتی “کڵێسەی زێڕینی” بەشی “پازدە ڕۆژ دەرهێنەران”ی بەدەستێهناو فیلمی سینەمایی “بە امید دیدار” واتە “بە ئەمێدی دیدار” Goodbye لە دەرهێنانی “محەمەد ڕەسوڵ ئۆف” خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بەشی “جۆرێک ڕوانین” و هەروەها خەڵاتی “فڕانسوا شاڵە”ی پێبەخشرا.
ساڵی 2013 فیلمی سینەمایی “گزشتە” واتە “ڕابردوو” The Past لە دەرهێنانی “ئەسغەر فەرهادی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو “بێرێنیس بێرژۆ” Bérénice Bejo ئکتەری ئەم فیلمە خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت و فەرهادی خەڵاتی “کڵێسەی جیهانی”ی بەدەستهێنا و لەهەمان ساڵیشدا فیلمی سینەمایی “دست نوشتەها نمی سوزند” واتە “دەستنووسەکان ناسووتێن” Manuscripts Don’t Burn لە دەرهێنانی “محەمەد ڕەسوڵ ئۆف” خەڵاتی “فیپڕشی” پێبەخشرا.
ساڵی 2015 فیلمی سینەمایی “ناهید” Nahid لە دەرهێنانی “ئایدا پەناهەندە” به دهورگێڕانی “نهوید محهمهدزاده” خەڵاتی “داهاتووی ڕووناک”ی Bright Future بەشی “جۆرێک ڕوانینی”ی شەست و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی “کان”ی بەدەستهێنا.
ساڵی 2016 فیلمی سینەمایی “فروشندە” واتە “فرۆشیار” The Salesman لە دەرهێنانی “ئەسغەر فەرهادی” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی “کان” نمایشکراو خەڵاتی “باشترین سیناریۆ” و هەروەها ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران “شەهاب حوسێنی” خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بەدەستهێنا.
ساڵی 2017 فیلمی سینەمایی “لۆڕد” A Man of Integrity لە دەرهێنانی “محەمەمەد ڕوسوڵ ئۆف” لە حەفتایەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو خەڵاتی بەشی “جۆرێک ڕوانینی” ئەم فێستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
ساڵی 2018 فیلمی سینەمایی “سە رخ” واتە “سێ ڕووخسار” Three Faces لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتاو یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” نمایشکراو خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەستهێنا.