كونسوڵخانەی ئێران لەهەرێم لەبارەی ڤیزەی بێبەرامبەر رونكردنەوە دەدات

پێدانی ڤیزە بۆ گەشتكردن لەنێوان عیراق و ئێران دەكرێت بەخۆڕایی و كونسوڵخانەی ئێرانیش لەهەرێم داوا لەگەشتیارانی هەرێم دەكات بەبێ ڤێزە سەردانی سنورەكان نەكەن، دەشڵێت: تاكاتی پەسەندكردنی كۆتایی و دەركردنی رێكارەكان پێدانی ڤیزە تێچوی خۆیی دەبێت.

كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لەكەناڵی تەلەگرامی خۆی لەبارەی پێدانی ڤیزەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا داوا لەگەشتیاران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كراوە كە بەبێ ڤێزە سەردانی سنورەكان نەكەن.

كونسوڵخانەی ئێران دەشڵێت: بەپێی ئامادەیی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرامبەر بەهاووڵاتیانی عیراقی لەئەگەری پەسەندكردنی كۆتایی پێشنیاری هەڵگرتنی تێچووی پێدانی ڤێزە لەلایەن هەر دوو وڵاتەوەو راگەیاندنی وادەی دەستنیشانكراوی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، پێدانی ڤیزە هیچ تێچویەكی نابێت و بەبێ بەرامبەر بەهاووڵاتیانی عیراقی دەدرێت.

ئەوەشی رونكردۆتەوە: تەنانەت حكومەتی عیراق ئەوەشی راگەیاندوە لەئەگەری هەڵگرتنی تێچووەكان، پرۆسەی پێدانی ڤیزە وەك خۆی دەمێنێتەوەو وەرگرتنی ڤیزە لەلایەن هاووڵاتیانی ئێران و عیراق بۆ سەردانیكردنی ئەم دوو وڵاتە لەڕێگای نوێنەرایەتییە رەسمییەكانەوە‌ بەپێویست دادەنرێت.

كونسوڵخانەی ئێران راشیگەیاندوە: تا كاتی پەسەندكردنی كۆتایی و دەركردنی رێكارنامەكانی، پێدانی ڤیزە تێچوی خۆیی دەبێت.