عیراق 70 ملیار دۆلار قەرزارە


ریاز مەسعودی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند: قەرزە دەرەكییەكانی سەر عیراق گەیشتۆتە 70 ملیار دۆلار, و پێویستە عیراق ساڵانە بڕی نۆ بۆ 12 ملیار دۆلار قەرز بداتەوە.

ئەندامەكەی سائیرون راشیگەیاند: بەهۆی ئەو قەرزە زۆرەی بەسەر حكومەتی عیراقەوەیە ئەو پێشنیارەی كە لە ناو پەرلەمان باسی لێوەدەكرێت تایبەت بە دابەشكردنی لەسەدا 10 ی داهاتی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا لە راستیدا تەنها ریكلامێكی میدیاییە, چونكە هیچ وڵاتێك نییە قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووبێت و ئەو داهاتەی كە هەیەتی بەشێكی بەسەر هاوڵاتییەكانیدا دابەشبكات.

وتیشی: ئەو لەسەدا 10 یەی كە پێشنیار كراوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت دەكاتە 11 ملیار دۆلار كە ئەو بڕە پارەیە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ خێراكردنی پرۆسەی دانەوەی قەرزەكان.