بە ھۆی زۆری رێژەی باران بارین ئەمساڵ لەوەڕێکی باشی بۆ مەڕوماڵات بە دوای خۆیدا ھێناوە

بە ھۆی زۆری رێژەی باران بارینی ئەمساڵ و کەشوھەوای ناوچەکەوە، وەرزی بەھاری ئەمساڵ لەوەڕێکی باشی بۆ شوانەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان بە دوای خۆیدا ھێناوە.

لە سنووری قەزای دەربەندیخان شوانەکان سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیانن و بە ھۆی زۆری گژوگیای سروشتی ناوچەکە کە لەم وەرزەدا سەوزبووە، بۆ ئەوان جێگای خۆشحاڵییە و لەوەڕێکی باشتری بۆ مەڕوماڵاتەکانیان ھەیە.

بە ھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە و لە باری سرشت و ئاووھەواکەیەوە، دەربەندیخان شوێنێکی لەبارە بۆ بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش سەرقاڵی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتن.

بە شێوەیەکی گشتی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان رێژەی باران بارین زۆرە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر زیاترە، ئەوەش وایکردووە رێژەی سەوزایی و گژوگیای سروشتی کە لەم وەرزەدا سەوز دەبێت زۆرتر بێت.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلرزەزانی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا و تا ئێستا لە سنووری قەزای دەربەندیخان، ھەزار و ١٧٣ میلیمەتر باران باریوە.

قایمقامی دەربەندیخان، ناسح مەلا حەسەن لەو بارەیەوە  راگەیاند، یەکەمجارە لە میانی ٦٠ ساڵی رابردوودا لەو سنوورەدا ھێندە باران باریبێت.