ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی راگەیاند: ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کاریگەرییەکەی هەتا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت، وتیشی: لە ئێستادا مەترسیی لافاو لەئارادا نییە، لە ئەگەری روودانی لافاویش، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە.
سەبارەت بە رێژەی بارانبارین لە سنووری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 17،4 ملم بارانباریوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی بارانبارینیشەوە هەتا ئێستا 993.5 ملم لە پارێزگای سلێمانی باریوە.
پێشبینی دەکرێت باری کەشوهەوای ئەمڕۆ هەور و نیمچەهەور بێت لەگەڵ بارانی پچڕپچڕ، هەروەها سبەینێش ئاسمان هەوری تەواوەتی دەبێت لەگەڵ باراندا، کە پێشبینی دەکرێت لە هەندێك ناوچەدا باران بەچڕی ببارێت.