پردێکی سەرەکی رێگای نێوان دەربەندیخان و کەلار کە سلێمانی و ناوچەکانی تری گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە داڕووخا

ە ئەنجامی باران بارینی زۆر و روودانی لافاوەوە، پردێکی سەرەکی رێگای نێوان دەربەندیخان و کەلار کە سلێمانی و ناوچەکانی تری گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە داڕووخا، بەرپرسێکی ناوچەکەش دەڵێت باران بارینی ئەمساڵ لە ماوەی ٦٠ ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.
 
 ئەمڕۆ لە ئەنجامی ئەو باران بارینە بەھێزەی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە لە ناوچەی گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیانی بە چەند پردێک گەیاندووە، دیارترینیان داڕووخانی پردی دەرەدۆین-ە لە نێوان ھەردوو شاری دەربەندیخان و کەلار کە سلێمانی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە و رۆژانە ھەزاران ئۆتۆمۆبێل لەو رێگایەوە ھاتوچۆ دەکەن و رێگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانی لەسەرە.
 
لەوبارەیەوە ناسح مەلا حەسەن، قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، “باران بارینی ئەمڕۆ بەجۆرێک زۆر بووە کە لەماوەی ٣ کاتژمێردا بڕی ٣٤ ملم باریوە، بەوەش ئاستی ئاو زۆر بەرز بووەتەوە و لافاو لەزۆر ناوچەدا دروستبووە، بەتایبەتی لە پردی دەرەدۆین و پردێکی دیکەی سەرەکی ناوجەکەش کە هەردووکیان بەو هۆیەوە داڕووخاون و رێگای هاتوچۆ بەتەواوی بڕدراوە”.
 
 
 
ناوبراو وتیشی، “باران بارین زیانی گەورەی بە رێگاوبانەکانمان گەیاندووە، لەئێستادا بۆ ھاتوچۆکردن لە بری ئەو رێگەیەی ئێستا رێگای بناری بەمۆ بەکاردەھێنرێت، تیمەکانی رێگاوبان گەیشتونەتە ناوچەکە و لە دوای ئاساییبوونەوەی کەشوھەوا دەست بە چاککردنەوەی پردەکە دەکرێت”.
شایەنی باسە قایمقامی دەربەندیخان ئەوەشی وت “تاوەکو ئێستا و لە میانی ئەمساڵدا، ھەزار و ١٤٠ ملم باران لە سنووری دەربەندیخان باریوە، ئەوەش یەکەمجارە لە ماوەی ٦٠ ساڵی رابردوو ھێندە باران لەم ناوچەیەدا ببارێت”.
 

رووخانی ئەو پردە ئاستەنگی ھاتوچۆی گەورەی دروستکردووە و شۆفێران ناچارن رێگایەکی دوورتر و سەختر ببڕن بۆ ھاتوچۆکردن لەنێوان ھەردوو شارەکەدا.

بە ھۆی کاریگەری دوو پاڵەپەستۆی نزم کە لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوورەوە ھەڵیان کردووەتە سەر ناوچەکە لە دوێنێ یەکشەممەوە شەپۆلێکی باران بەرینی بەھێز ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بەو ھۆیەوە لە چەندین ناوچە لافاو دروستبووە و دەوامی زۆربەی خوێندنگەکانیش راگیران.