دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراقی لەڕێی نوسراوێكی رەسمییەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەكات و رایدەگەیەنێت: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی باشترینە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری فڕۆكەوانی.
دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی نوسراوێكی رەسمی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراقی كە ئەمڕۆ 25ی ئاداری 2019، بەژمارە (224) دەرچووەو ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كردووە، تیایدا دەڵێت: لەڕوانگەی هەمەهانگی و پابەندبوون بەجێبەجێكردنی یاسایی فڕۆكەوانی و رێنماییەكانی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراقی كە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی باشترینە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری فڕۆكەوانی بۆیە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كراوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەگشتیەكان و راگەیاندنی فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەوەش دەڵێت: ئەمەش گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە كە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەماوەیەی تەمەنێكی كورتیدا توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستەی كە لە ڕیزبەندی پێشەوەی فڕۆكەخانەكانی عیراقدا بێت كە بێگومان ئەمەش چنینەوەی بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی بەڕێوەبەری گشتی و سەرجەم بەڕێوەبەران و لێپرسراوان و ئەفسەران و پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی فڕۆكەخانەیە كە بەبێ وەستان 24 سەعات لە شەوو رۆژێكدا بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتیان لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و گەشتیاران.