لە سلێمانی ھۆشداری لە مەترسی روودانی لافاو دەدرێت

لە دوێنێوە شەپۆلێکی بەخوڕی باران بارین ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاوەوە ئاستەنگی ھاتوچۆ لە بەشێک لە رێگاکانی نێوان شارەکان دروستبووە و دەوامی بەشێک لە خوێندنگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی راگیران.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی و زەمینلەرزەی سلێمانی، ئاسۆ کەمال رایگه‌یاند: “بە ھۆی کاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆ کە لە ھەردوو دەریای ناوەڕاست و دەریای سوورەوە ھەڵی کردووەتە سەر ناوچەکانمان لە شەوی رابردووەوە باران بارینی زۆر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکەین کاریگەری ئەم شەپۆلە تا کۆتایی ھەفتە بەردەوام بێت”.

ئەو وتی: “لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو ٢٢،١ ملم باران باریوە و کۆی گشتی باران بارینی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٩٥٤،١ ملم لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە ٦٢١ ملم باران باریبوو”.

لە دوێنێ یەکشەممەوە ھێزەکانی ناوخۆ و تیمە فریاگوزارییەکان خراونەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و ھۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و روودانی لافاو لە چەند ناوچەیەکی سلێمانی و گەرمیان درا.

لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا راگرتنی دەوامی چەند خوێندنگەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاند و بەڕێوەبەری خوێندنگەکانی ناو شارەکەشی سەرپشک کردووە لە راگرتنی دەوامی ئەمڕۆی خوێندنگەکانیان.

لە بەشێک لە خوێندنگەکان بەھۆی بەردەوامی باران بارین و روودانی لافاوەوە، ئاستەنگ بۆ مامۆستایان و قوتابیان دروستبووە.

عەتا جەبار مامۆستای خوێندنگەیەکی بنەڕەتی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی-یە ، وتی: “ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشمان بەڕێکرد، بە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە بەردەم خوێندنگەکەمان و نەبوونی کارەباوە ناچار دەوامی ئەمڕۆمان راگرت و چوونە دەرەوەشمان زەحمەت بووە بە ھۆی لافاو و ئەو ئاوە زۆرەی لەبەردەم دەرگای سەرەکی ھەیە”.