لە كاتێكدا ئەوان لە ریزبەندی یەكەمەكانی ملیاردێرەكانی دنیان، بەڵام لە رێگەی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی ئاسمانی دەیانەوێت ببن بە یەكەم ترلیۆنێر لە مێژووی مرۆڤایەتی. بەپێی پێشبینیەكانیش یەكێك لە بیزوس و برانسون و ماسك لە ساڵی 2040 دەبنە ترلیۆنێر.
لە راپۆرتێكیدا رۆژنامەی دەیلی سەندای بەریتانی بڵاوكراوەتەوە، باس لە ركابەرایەتی بۆ بوون بە یەكەم ترلیۆنێر لە مێژووی مرۆڤایەتی لەنێوان جیف بیزوس و ریچارد برانسون و ئیلۆن ماسك دەكات كە سێ ملیاردرێری ریزبەندی یەكەمەكانی دنیان.
رۆژنامەكە دەڵێ، هەرسێ ملیاردێر ئێستە سەرقاڵی كاری وەبەرهێنان لە بواری ئاسمانیدا و بەپێی هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكانیان چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2040 یەكێكیان ببن بە یەكەم ترلیۆنێر لە مێژووی مرۆڤایەتی، بەوەی بە وەبەرهێنان لە بواری ئاسمانیدا دەتوانن داهاتێكی ئێجگار گەورە كۆ بكەنەوە لە رێگەی دەرهێنانی سامانی ژێر زەوی هەسارۆكەكان و رێكخستنی گەشت بۆ مرۆڤ بۆ سەر هەسارەكان.
جیف بیزوس سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەمازۆن و ریچارد برانسۆن دامەزرێنەری كۆمپانیای فیرجین گالاكتیك و ئیلۆن ماسك سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای تیسلا، ئەو سێ ملیاردێرەن كە ئێستە سەرقاڵی پڕۆژەی وەبەرهێنانن لە بواری پیشەسازی و گەشتی ئاسمانی، بۆ ئەم مەبەستەش هەرسێكیان كۆمپانیای تایبەتیان بۆ ئەو بوارە دامەزراندووە، بۆ ئەم مەبەستەش كۆمپانیای ئاڕ ئێس كمبونانتی تایبەتمەند بە تەكنەلۆجیا چاودێری هەرسێ ملیاردێر دەكات كە كامەیان زووتر دەبێت بە ترلیۆنێر.
دامەزراوەكە دەڵێ چیتر بواری بۆشایی ئاسمان لەلایەن زانایانی تایبەتمەند مۆنۆپۆڵ ناكرێت، ئەو ملیاردێرانە كە لە كارەكانی پێشتریاندا سەركەوتوو بوونە، ئێستە ئەستێرەی وەبەرهێنانن لە پیشەسازی و گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان و چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2024 تا 2040 یەكێكیان ببن بە ترلیۆنێر.
جیف بیزوس كۆمپانیایەكی تایبەت بە پیشەسازی بۆشایی ئاسمان دامەزراندووە بە ناوی “بلو ئۆریجین”، هەروەها ئیلۆن ماسك كۆمپانیای “سپێس ئێكس”ی دامەزراندووە و ریچارد برانسۆنیش كۆمپانیای “فێرجین گالاكتیك”ی دامەزراندووە و لە ساڵی 2000ەوە خۆی خزاندووەتە ناو پیشەسازی لە بۆشایی ئاسماندا.
بەگوێرەی دامەزراوەكە بێت ركابەرایەتی توند ئێستە لەنێوان هەرسێ ملیاردێر هەیە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە سەرەتاكانی ئەمساڵدا كۆمپانیای بلۆ ئۆریجین رای گەیاند كە دەست دەكات بە فرۆشتنی پلیتی گەشتی بازرگانی بۆ بۆشایی ئاسمانی بە كەشتییە ئاسمانی “زی نیو شیبرد”، چاوەڕوانیش دەكرێت هەر ئەمساڵ گەشتەكە ئەنجام بدات دوای ئەوەی پێشتر تاقیكردنەوەی لەسەر وەها گەشتێك لە بیابانەكانی ویلایەتی تكساسی ئەمریكی ئەنجام دابوو.
هاوكات برانسۆن رای گەیاند ئەمساڵ دەست دەكات ئە ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی بە كەشتییە ئاسمانییەكانی لە رێگەی كۆمپانیاكەی، لای خۆیەوە كۆمپانیای سپەیس ئێكس سەركەوتنی لە هەڵدانی یەكەم مووشەكی “هەیفی فاڵكۆن” راگەیاند كە كەشتی ئاسمانی تیسلای لەسەر بووە.