باڵیۆزی ئێران لە عیراق دوابڕیاری وڵاتەكەی سەبارەت بە بەخۆڕایی كردنی ڤیزە ئاشكرادەكات


باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق دوابڕیاری وڵاتەكەی سەبارەت بە بەخۆڕایی كردنی ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی عیراق و هەرێم ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، پێدانی ڤیزە دەمێنێتەوە، بەڵام پارە لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت.

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عیراق بە ئاژانسی (ئیرنا)ی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، كە پڕۆسەی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی ئێران و عیراق وەك پێشوو دەبێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەك لەبەرامبەریدا وەرناگیرێت و ئەوە بڕیارەش سەرجەم جۆرەكانی ڤیزە دەگرێتەوە.

ئاشكراشی كردووە، بەخۆڕایی كردنی پێدانی ڤێزەی لە گرنگترین دەستكەوتەكانی سەردانەكەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران بۆ بەغدا بووە و وتوشیەتی، “تاران و بەغدا ڕێككەوتوون ئاسانكاری بۆ بواری ئابوری و بازرگانی بكرێت لە ڕێگای پێدانی ڤێزەی درێژخایەن و هاتووچۆی بەردەوام”.

مەسجدی جەختیشی كردۆتەوە، ئەم ڕێككەوتنەی نێوان ئێران و عیراق لە 1ی نیسان (12ی خاكەلێوە)ی داهاتوو دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.