وردەكاری راگرتنی پەیوەندییەكانی ئاسیا سێل و زین، لەگەڵ كۆڕەك

بەهۆی پێشێلكاری لە بەندەكانی‌ گرێبەستی‌ مۆڵەتپێدان، كۆمسیۆنی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراق، پەیوەندییەكانی ئاسیاو زەین و سەرجەم تۆڕەكانی تری بۆ كۆڕەك ڕاگرت.

دەزگای كۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، لە نووسراوی ژمارە (6/ت/2/2634 بەرواری 28-2-2019) كە لە 20 ی ئازاری 2019 دەرچووە، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كۆمپانیای‌ كۆڕەك پێشێلكاری كردووە لە بەندەكانی‌ گرێبەستی‌ مۆڵەتپێدان لەگەڵ‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل و بە دیاریكراوی‌ ماددەی‌ 19 كە تایبەتە بە پێشكەشكردنی‌ خزمەتگوزاری‌ و پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەكانی‌ دەستە بۆ واژۆكردنی‌ گرێبەستی‌ تایبەت بە پرۆژەی‌ خزمەتگوزاری‌ پارێزگاری‌ ژمارە لەگەڵ‌ كۆمپانیای‌ هۆڵەندی‌ PortingXs ی‌ جێبەجێكاری‌ پرۆژەكە بۆ جێبەجێكرنی ئەو پرۆژە گرنگ و زیندووەی‌ بازاڕی‌ پەیوەندییەكانی‌ عێراق.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، سەرەڕای‌ واژۆكردنی‌ گرێبەستەكە لەلایەن كۆمپانیاكانی‌ ئەسیرو ئاسیاسێڵ‌ لە ڕۆژی ‌17-3-2019 دوای‌ وەرگرتنی‌ تێبینییەكانی‌ كۆمپانیاكان لەناویاندا كۆمپانیای‌ كۆڕەك بە ئامادەبوونی‌ نوێنەریان ئەمەش ڕەنگدانەوەو ئاماژەیە بۆ ناجددیەتی‌ كۆمپانیای‌ ئاماژەپێكراو بۆ جێبەجێكردنی‌ ئەو پابەندبوونەی‌ گرێبەستەكە، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ بەمەبەست ئاستەنگ بۆ پرۆژەكە دروست دەكەن و پێشێلكاری‌ ڕێنماییەكانی‌ دەستەكەو بەندەكانی‌ گرێبەستی‌ مۆڵەتپێدان دەكەن.

لە نووسراوەكەی دەزگای كۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، ئەوەش خراوەتەڕوو بەوهۆیەوە بڕیاردرا پەیوەندی‌ نێوان كۆمپانیاكانتان و كۆمپانیای‌ كۆڕەك بۆ ماوەی‌ پێنج رۆژ رابگیرێت لە بەرواری‌ (24 ی ئازاری 2019) بۆ ئاگاداریتان و گرتنەبەری‌ رێوشوێنی‌ پێویست، بەپێچەوانەوە كۆمپانیاكانتان بەرپرسیارێتی‌ هەموو ڕێوشوێنێكی‌ یاسایی و داراییتان دەكەوێتە ئەستۆ.

لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە هەردوو وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ئاگاداركراونەتەوە لەرۆژی 24 ی ئەم مانگەوە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بپچڕێنن.