“هەر منداڵێکی تازەبوو لە تورکیا زیاد لە 5 هەزار دۆلار قەرزدارە”

لە راپۆرتێکی ئامادەکراوە جەهەپەدا بە ناوی “قەیرانی تورکیا” هاتووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٢ دا هەر منداڵێک لە کاتی لە دایک بوونیدا 1963 دۆلار قەرزار بووە، لە ساڵی ٢٠١٨ دا، ئەم ژمارە بۆ 5513 دۆلار بەرزبووەتەوە.

بە پێی هەواڵێکی باشاک کایا لە رۆژنامەی سۆزجو، جەهەپە کە لە پروپاگەندەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا کار لەسەر قەیرانی ئابووری دەکات و لە رۆژانی کۆتاییشدا بە قورسی لەسەر ئەو بابەتە دادەبەزێت. لەو چوارچێوەیەدا، جێگری سەرۆکی سیاسەتە ئابوورییەکانی جەهەپە برۆشۆرێکیان بە ناوی “قەیرانی تورکیا” لە شەقامەکاندا بڵاوکردەوە. ئەم زانیاریانە لە برۆشۆرەکەدا هاتووە:

قەرزە دەرەکییەکانی تورکیا، 3.5 ئەوەندەی ساڵی 2002 بەرزبووەتەوە و ئێستە نزیکەی 450 ملیار دۆلار قەرزارە. لە کاتێکدا دەسەڵات شانازی بە دانەوەی 23.5 ملیار دۆلاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە دەکات، 319 ملیار دۆلاری خستووەتە سەر قەرزە دەرەکییەکانی تورکیا. هەر منداڵێک لە ساڵی 2002 دا لە کاتی لەدایکبوونیدا 1913 دۆلار قەرزار بووە، لە ساڵی ٢٠١٨ دا 5513 دۆلار قەرزار بووە.

لە 16 ساڵی ڕابردوودا قەرزی بەکاربەر 176 ئەوەندە بەرزبووەتەوە بۆ 399.4 ملیار لیرە، قەرزی تاکە کەسی کرێدیت کارتەکانیش 24 ئەوەندە بەرزبووەتەوە بۆ 104.8 ملیار لیرە. قەرزەکانی دەوڵەت و کۆمپانیاکان و تاکەکەس داهاتی ساڵانەی تورکیای تێپەڕاندووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ دا لە بەرامبەر هەر ١٠٠ لیرەیەکدا 94 لیرە قەرز هەبوو. ئەم ژمارەیە لە ئێستادا بۆ 120 لیرە بەرز بووەتەوە.

قەرزی هاوکاری کشتوکاڵی کە دەبوایە لە نێوان ساڵانی 2007-2019 بدرایە بە جووتیاران، 150 ملیار لیرەی تێپەڕاند. ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە دەوڵەتی تورکیا 68 هەزار و 386 لیرە قەرزاری هەر خێزانێکی جوتیارە لە ناو تورکیادا. زەوییە کشتوکاڵیەکانی تورکیاش لە سالی ٢٠٠٢ دا 239 ملیۆن دۆنم بوو، لە 2018 دا ئەم ژمارەیە بۆ 197 ملیۆن دۆن م کەمی کردووە.

داهاتی نیشتیمانی لە 950 ملیار دۆلارەوە بۆ 784 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە

لە ١٦ ساڵی ڕابردوودا، هاوردەکانی تورکیا لە سێکتەری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا 95 ملیار دۆلاری تێپەڕاند. لە ساڵی 2018 دا تورکیا بووە دووەم وڵاتی جیهان کە زۆرترین ئاژەڵ هاوردە دەکات لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە پلەی یەکەمدا دێت. ژمارەی دانیشتوانی چین 17 ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی تورکیایە بەڵام هاوردەی ئاژەڵی تورکیا 9 ئەوەندەی چینە.

لە نێوان ساڵانی 1923 بۆ 1950 جیاوازی نێوان هەناردە و هاوردەی تورکیا سفر بوو. یانی جیاوازی بازرگانی دەرەوە سفر بوو. بەڵام ئێستە جیاوازییەکە بە چەند قات بەرز بووەتەوە. لە ١٦ ساڵی ڕابردوودا، جیاوازی نێوان بازرگانی دەرەوە و ناوخۆیی تورکیا هەفتانە بە تێکڕای 1.2 ملیار گەورە دەبوو.

لە ساڵی 2014 دا لە ریزبەندی سەروەری یاسادا تورکیا لە پلەی 59 دا بوو، لە پێنج ساڵدا 50 پلە هاتووەتە خوارەوەی ریزبەندییەکە و لە ساڵی 2019 دا لە پلەی 109 دا خۆی بینییەوە. لە هەمان ماوەدا داهاتی ناوخۆیی لە 950 ملیار دۆلارەوە بۆ 784 ملیار دۆلار دابەزی. یەدەکی بانکی مەرکەزیش  لە ئێستادا بەشی قەرزی کورتخایەن ناکات. لە ساڵی 2002 دا بەرامبەر هەر 100 دۆلارێکی قەرزی کورتخایەنی نێودەوڵەتیدا 169 دۆلار هەبوو. لە ئێستادا بۆ 79 دۆلار لە یەدەکی بانکدا هەیە.