هۆشداری دەدرێت لە بەرزكردنەوەی نرخ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لە بەرزكردنەوەی نرخ و هۆشداری دەدات هەر كەسێك دەستكاریی نرخ بكات، سزا دەدرێت.

نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە”راستە دوای هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی سەر مووچە، ترسی ئەوە هەیە نرخ بەرز ببێتەوە، بەڵام ئێمە لیژنەكانی چاودێریی بازاڕمان راسپاردوون زیاتر چاودێری بخەنە سەر بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان و رێگە نەدەن زیادبوونی مووچە و باشبوونی بژێویی هاووڵاتیان بە دەرفەت بزانرێت و نرخ بەرز بكرێتەوە”.

لەبارەی چۆنیەتیی كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی وتی”ئێمە لە هەموو پارێزگا و قەزاكان لیژنەی ئابووریمان بۆ دانانی نرخ هەیە، راستە بازاڕ ئازادە، بەڵام ئەو كەلوپەلانەی پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە، هەیە لەلایەن حكوومەتەوە نرخیان بۆ دیاری دەكرێت و هیچ شوێنێك بۆی نییە دەستكاریی نرخ بكات بەرەو بەرزكردنەوە”.

نەوزاد ئەدھەم ئاماژەی بۆ ئەوە كرد”بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، لە هیچ شوێنێك نرخ بەرز نەبووەتەوە، لیژنەكانی بازرگانی بە وردی چاودێریی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی بازاڕ دەكەن، هەر كەسێكیش دەرفەت وەربگرێت لە باشبوونی رەوشی ئابووری، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە نرخ بەرز نابێتەوە”.