خامنه‌یی و رووحانی له‌په‌یامه‌كانیان به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆز-وه‌ باسیان له‌كێشه‌ ئابوورییه‌كان كرد

عه‌لی خامنه‌‌یی، رابه‌ری ئایینی ئێران و حه‌سه‌ن رووحانی سه‌رۆككۆماری ئێران له‌و په‌یامه‌ی به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی نه‌ورۆز بڵاویان كرده‌وه‌ سه‌رنجیان خسته‌ سه‌ر كێشه‌ ئابوورییه‌كانی ئێران. 

خامنه‌‌یی و رووحانی له‌و په‌یامه‌ ڤیدیۆیانه‌ی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز كه‌ وه‌ك سه‌ری ساڵی نوێ له‌ ئێران ناسراوه‌ بڵاویان كرده‌وه‌ باسیان له‌ سزاكانی ئه‌مریكا و كێشه‌ ئابوورییه‌كانی ئێران كرد.

هاوكات خامنه‌‌یی ساڵی نوێی به‌ ساڵی “زیندووێتی به‌رهه‌مهێنان” ناوبرد و به‌پێویستی زانی بۆ به‌هێزكردنی ئابووری ئێران گرنگی بدرێت به‌ به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی.

هه‌روه‌ها روحانیش له‌ په‌یامه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و پێكه‌وه‌یی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند ساڵی ١٣٩٨ی هه‌تاوی ده‌بێته‌ ساڵی “وه‌ستاندنی هه‌ڵاوسان، هاوسه‌نگبوونی به‌های دراو و دۆستایه‌تی زیاتر له‌گه‌ڵ هاوسێكان”.

شایه‌نی باسه‌، رووحانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ ئابوورییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سزاكانی ئه‌مریكاوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. به‌ ئاماژه‌دان به‌ كشانه‌وه‌ی یه‌كلایه‌نه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی گوتی: “كێشه‌ ئابوورییه‌كان له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ واشنتۆن هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ قسه‌ی خۆیان په‌شیمان بوونه‌وه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ده‌ست ئێمه‌دایه‌”.