وەزارەتی نەوتی عێراق: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كەركوك رۆژانە بۆ یەك ملیۆن بەرمیل بەرز دەكەینەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق لەهەوڵی ئەوەدایە، ئاستی بەرهەمی نەوتی كەركوك، بۆ یەك ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرز بكاتەوە و لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بكات، ئوردنیش پێشنیازی كرد,وە، نەوتی بێجی پێ بدرێت.

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای دەكات، دوای گەڕانەوەی كێڵگەكانی نەوتی كەركوك بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی، لە ئێستادا رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 380 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە لەو كێڵگانە و لەو بڕەش تەنیا 80 هەزار بەمیلی رەوانەی بەندەری جەیهان دەكرێت، بەڵام وەزارەتی نەوت لەگەڵ كۆمپانیای بی  پی بەریتانی، سەرگەرمی وتووێژە بۆ ئەوەی 600 بۆ 700 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنان، زیاد بكەن‌و بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەو كێڵگانە، بگەیەننە یەك ملیۆن بەرمیل.

هاوكات وڵاتی ئوردنیش پێشنیازی كردووە، نەوتی خاوی بێجی، كە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 10 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بدرێت بە پاڵاوگەكانی ئەو وڵاتە‌و ئەو پێشنیازەیش دوای ئەو رێككەتنە دێت، كە لە مانگی رابردوودا لەنێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و ئوردن، واژۆ كرا.