فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسایەك بۆ دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران ئامادە دەكات و دوای نەورۆزیش دەخرێتە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: بۆ مسۆگەركردنی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران، پڕۆژەیاسایەكیان ئامادەكردوە و دوای جەژنی نەورۆز و پشووەكان پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەن.
ڕاشیگەیاند: بەسێ میكانیزم، فەرمانبەران لە مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان سودمەند دەبنو هەوڵیش دەدەن لەگەڵ حكومەتی هەرێم كۆببنەوە بۆ ئەوەی بزانن حكومەتی هەرێم دەتوانێت چەندێك لەو مووچەیە بەكاش بداتەوە.
لەبارەی ئەو سێ شێوازەش كە فراكسیۆنی یەكێتی پڕۆژەی بۆ ئامادەكردوە سەركۆ ئازاد گەڵاڵی وتی: بەشێكی پاشەكەوتەكە بەپارەی كاش بدرێتەوە بەفەرمانبەران، دووەمیش بڕێكی بەقەرز لای حكومەت بمێنێتەوە، سێیەمیش ئەوەیە كە قەرزە كەڵەكەبوەكانی حكومەتی لێبدرێتەوە لەبوارەكانی ئاو و كارەبا و پێشینەكان، ئەوەش لەبەرژەوەندی مووچەخۆران دەبێتو سەرجەم ئەو هەنگاوانەش پێویستی بەدروستكردنی ژمارەی حسابی تایبەت بەموچەخۆران هەیە.