لە مەرزی باشماخ ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازیكردن لە هاتنی گەشتیاران دەستی پێ كردووە

بۆ پێشوازیكردن لە هاتنی گەشتیاران، لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئامادەكارییەكان دەستی پێ كردووە و پێشبینی دەكرێت لە پشووی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا ئاماری هاتنی گەشتیاران زۆر بەرز ببێتەوە.

لیوا مەریوان كەمال، بەڕێوەبەری نوێی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ  راگەیاند، لەگەڵ بەش و لایەنە پێوەندیدارەكان بە كاروباری گەشتیاران، كۆبووینەتەوە و باسمان لە رێوشوێنەكانی هاتوچۆی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و بە پێچەوانەوە كردووە.

زیاتر وتی، “بەدڵنیاییەوە بڕیاری لابردنی رسوماتی 25 هەزار دیناری عێراقی لەو گەشتیارانەی لە شارەكانی رۆژهەڵات و ئێرانەوە بۆ نەورۆز دێنە هەرێمی كوردستان، كاریگەری بەرچاوی هەبووە و وایكردووە كە گەشتیارێكی زۆر هەر لە ئێستەوە بێنە هەرێمەوە”.

كەمال روونی كردەوە،” تا پێمان بكرێت كارئاسانی زۆر بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەكەین و لەو بڕوایەداین كە ئاماری هاتنی گەشتیاران لەم ماوەیەدا لە رێی باشماخەوە بۆ هەرێم، زۆر لە نەورۆزی ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت”.

هاوكات بەپێی ئامارێكی بنكەی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لە كۆی گشتی ژمارەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی و رۆژهەڵاتی كوردستان، لە نەورۆزی ساڵی 2018دا و لە ماوەی تەنیا 12 رۆژدا، واتە لە 14/3/2018 بۆ 25/3/2018، بریتی بووە لە 15 هەزار و 148 گەشتیار.

هەر بەپێی ئامارەكە پێشبینی دەكرێت كە هاتنی گەشتیاران بۆ ئەمساڵ زۆر زیاتر بێت لە نەورۆزی ساڵی رابردوو، چونكە رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار گەشتیار لەم ماوەیەدا هاتوونەتە هەرێم، لەكاتێكدا لە ماوەی ئەو 12 رۆژەی نەورۆزی ساڵی رابردوو، بەپێی ئەو ئامارەی سەرەوەبێت رۆژانە تەنیا (1262) گەشتیار هاتوون.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی دوورە و رۆژانە كاروباری بارزگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لێوە ئەنجام دەدرێت.