لە رۆژانی ئێستاماندا ڕووەکەکان تەنها بە ئامانجی جوانکاری و ژینگەیی بەکارنایەن بەڵکو بووەتە سێکتەرێکی گرینگ بۆ ئابووری زۆرێک لە وڵاتان.
هەروەها ڕووبەری سەوزایی رۆڵێکی گرینگ دەبینێت لە شارەکان کە ئێستا لە فراونبووندانە هەروەها بۆ ژینگەی شارەکان و تەندروستی مرۆڤەکانیش رۆڵێكی بەرچاوی هەیە.
رۆژ لە دوای رۆژ بە هۆی داواکاری زۆری دار و درەختی جوانکاریەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا نەمامگەی نوێ دەکرێنەوە، وە ئەوانیش کرێیەکی زۆر دەدن بۆ ئەوەی ئەو گوڵ و درەختە جوانکارییانە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە بکەن.
هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لەڕووی نەمامگە و گوڵی سرووشتییەوە شارێکی دەوڵەمەندە. لەلایەکی دیکەشەوە خەڵک بەهۆی نەریت و کەلتوورەوە گرنگییەکی زۆر بە نەمام و نەمامگەری دەدات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان، ئەم ساڵ ١٠ ملیۆن نەمام و گوڵی سروشتی هاوردەی هەرێمی كوردستانی عێراق کراوە.
ئەحمەد کە ١١ ساڵە کاری نەمامگەریی دەکات لەبارەی ئەو وڵاتانەی کە جۆرەکانی دار و نەمام هاوردە دەکەن وتی، ” داروبار و گوڵ جۆرەکانی زۆرە، بۆ نموونە داری ژوورەوە و داری دەرەوە هەیە لەوانە ئیسپاتی، یۆگا، داراسیما و کوبرا. ئەم جۆرە درەختانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. هاوکات گوڵی سوور یاخود گوڵەباخ بەهەمان شێوە لەلایەن خەڵکەوە پەسەندە. هەر گولێکیش وەرزی خۆی هەیە بۆ نموونە دالیا لە وەرزێکە ئەستەر لە وەرزێکە و پەپوولەش لە وەرزێکێ دیکەیە. بە گشتی گوڵ لە هۆلندا-وە دێت ، داروباریش لە تورکیا و ئیتالیاوە دێت”.
لەلایەکی دیکەوە نەمامگەر ئەحمەد لەبارەی پڕفرۆشترین دار و گوڵی جوانی دەڵێت، “داری بەر جیاوازە لە داری جوانی، بە شێوەیەکی گشتی داری جوانی داری تەسبیح ، کامیس و لاگسترۆم و سنۆبەر رێژەی فرۆشتنیان زۆرە”.
لەبارەی بەرهەمی خۆماڵییەوە ناوبراو وتی، “بەرهەمی ناوەخۆمان زۆر کەمە بۆ نمونە لە ئێستادا بەس دیدۆنیا هەیە کە ئەو جۆرە درەختەش بۆ پەرژین-ی باخچەکان بەکاردێت”.
لەڕووی نرخەکەشیانەوە ئەو نەمامگەرە وتیشی، “دەگەرێتەوە سەر جۆری گوڵ و درەختەکان، گوڵمان هەیە لە هەزار دینار-ەوە دەستپێدەکات تاوەکو ٥ هەزار دینار یانی نرخەکانیان جیاوازە. بۆ نمونە؛ درەختی نەباتی زللی هەیە کە بۆ سوود وەرگرتن لە سێبەرەکەی خەڵک دەیکرێت لە ئێستادا نرخەکەی ١٥ هەزار دینارە بەهۆی ئەوەی کە ئێمە نرخێکی جێگیرمان نییە جاری وا هەیە هەمان درەخت بە ٢٠ هەزار دینار دەفرۆشین جاریش هەیە بە ٢٥ هەزار دینار، یانی ئەگەر ئێمە گوڵێک یاخود درەختێک بە نرخێکی گونجاو بکڕین بە نرخێکی گونجاویش دەیفرۆشینەوە وە پێچەوانەشەوە ئەگەر هاتوو بە نرخێکی گران بیکرین ناچارین ئێمەش بە نرخێکی گرانتر بیفرۆشینەوە”.
لەلایەکی دیکەوە نەمامگەرێکی دیکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، داواکارییەکی ئاراستەی حکوومەت کرد و ووتی، “لەڕووی گواستنەوەی نەمامەکاندا ئاستەنگیمان بۆ درووست دەکرێت. لەهەمان کاتدا ڕووبەڕووی زیانێکی بەرچاو دەبینەوە، چونکە لەکاتی گواستنەوەدا لە گومرگەکان بەهۆی سەختی رێکارەکان زیانێکی بەرچاو بە داروبارەکان دەکەوێت”.