لەبارەی گرانبونی ھەندێک لەجۆرەکانی سەوزە و میوە لەعەلوەی سلێمانی ڕونکردنەوە دەدرێت بە ھاووڵاتیان.
عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکاران لە عەلوەی سلێمانی ڕایگەیاند “ھەموو ھاووڵاتیانی شاری سلێمانی ئاگادار دەکەینەوە کە گرانبونی ھەند جۆری پێداویستی ھاووڵاتیان وەک تەماتە و سێوو خەیار و بەرھەمی ناوخۆی گرانبووە ھیچ پەیوەندی بە پێدانی موچە بە بێ پاشەکەوتەوە نیە”.
وتیشی” ئێمە وەک سلێمانی تەماتە و خەیار و سێومان لەئێران ھاوردە دەکرد بەڵام بەھۆی ئەوەی ئێران ڕێگەنادات ئەو بەرھەمانە ھەناردە بکرێت بەھۆی پێداویستی ناوخۆی ووڵاتەکەی بۆیە لە ئێستادا گرانبووە وە ئێمەش لە ئێستادا بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە ڕومانکردۆتە تورکیا و میسر بۆ ھاوردەکردنی ئەو پێداویستیانە”.
ئاماژەی بەوەشدا” پێشتر کیلۆیەک تەماتەی ئێران بە ٤٠٠ دیناربوو بەڵام ئێستا تەماتەی ناوخۆی بەسرە ھەیە کە کیلۆی بووە بە ١٢٠٠ دینار کە لە ٪٢٠٠ زیادبووە وە تەماتەی میسری ھەر تەنێکی پێشتر بە ٣١٥ دۆلار بووە بەڵام ئێستا بووە بە ٥٥٠ دۆلارە تەماتەی تورکیش گرانبووە لە ٪٢٠٠ کە پێشتر بە ٥٠٠ دۆلاربووە ئێستا بە ٩٠٠ دۆلارە”.
ئاماژە بەوەش دەکات گرانبونی ئەو نرخانە پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە موچەدا نیە تەنھا ھۆکاری کەمی بەرھەمی ناوخۆ و نەھاتنی تەماتەیە لە ئێرانەوە بۆیە لەگەڵ نزیکبونەوە لە وەرزی ھاوین و بەرھەمی جوتیارانی کوردستان ئەو نرخە ھەرزان دەبێتەوە.
لەماوەی ڕابردوودا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوای لە حکومەت و لایەنە پیوەندیدارەکان کرد بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ جوتیارانی خانووە پلاستیکیەکان بەڵام تائێستا ھیچ بۆ ئەو جوتیارانە نەکراوە تا بتوانن لە وەرزی زستاندا بەرھەمی ھاوینە و لەھاویندا بەرھەمی زستانە بخەنە بازاڕەوە.