ئێران رێگەیه‌كی نوێ بۆ ده‌ربازبوون له‌ گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا ده‌دۆزێته‌وه‌

سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئێران باس له‌ میكانیزمێكی بازرگانى نوێ بۆ ده‌ربازبوون له‌ گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران ده‌كات. 

ئاژانسی ته‌سنیمی ئێران له‌ راپۆرتێكدا له‌ زاری عه‌بدولناسر هیمه‌تی سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئێران بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و میكانیزمه‌ بازرگانییه‌ نوێیه‌ی له‌ ژێر ناوی “رێكاری بازرگانى نوێ” گرتوومانه‌ته‌به‌ر، لابردنی دراوی دۆلاره‌ له‌ ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا. 

هیمه‌تی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ گه‌شته‌كه‌ی بۆ عێراق وتی: “گۆڕانكارییه‌كی نوێ له‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عێراق، توركیا، ئازه‌ربایجان و ئه‌فغانستان به‌ڕێوه‌یه‌”. 

ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئێران له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مریكا له‌ قۆناغی یه‌كه‌می سزكاندا، گه‌مارۆی خسته‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ و بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ ئێران به‌ دراوی دۆلار و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ په‌یوه‌ندی بازرگانیان له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌ ترسی ئه‌مریكا و سزاكانی، راگرت.