پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار، کە گەورەترین کۆمپانیای گەشتیارییە بە بەشداریی دەیان کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
پێشانگەی مێتێکس کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ (17-3-2019) لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان کرایەوە، کە دواتر بەشە جیاوازەکانی بەسەر کردەوە.
دووەم پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار (مێتێکس)، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر بە کۆمپانیاکان بناسرێت تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکەن.
هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاریی هەیە، هەروەها زۆر شوێنەواریشی تێدایە کە مێژووی هەندێکیان بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
عەبدولرەحمان عەبدولڕەحیم، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، 250 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیهانەوە بەشداری پێشانگەکە دەکەن. لەو وڵاتانەی کۆمپانیایان لە پێشانگەکە بەشدارن، 10 وڵات عەرەبین، پێنجیان وڵاتی ئەروپی و ئەوانی دیکەش کۆمپانیای تورکی و ئێرانی و چەند کۆمپانیایەکی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیان.
کۆمپانیاکان بەشدارن بۆ ئەوەی بەرهەم و ئۆفەرەکانیان پێشکەش بکەن و هەوڵی پەیداکردنی هاوبەشی نوێ و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان بدەن.
لە پێشانگەکەدا چەندین ئیڤێنت و پانێڵ پێشکەش دەکرێن بۆ پێشخستنی بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە سوود وەربگرێت، کە لەبواری گەشتوگوزار پێشکەوتوون، پێشانگەکە تاوەکو ئێوارەی نەورۆز بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاژێر 10:00 بۆ 19:00 کراوە دەبێت.
هەر بەشداربوونی کۆمپانیاکان دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان و ئاگاداربوونی زیاتر لە نوێکارییەکان لە کەرتەکەدا.
بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو تەنیا دوو رۆژ پێش جەژنی نەورۆز 76 ھەزار گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو کۆتایی مانگی ئاداریش ژمارەکە گەیشتووەتە 234 ھەزار گەشتیار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی ئەم پێشانگەیە پلانی هەیە سەرنجی گەشتیاری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشێت و ئەمساڵ سێ ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.