عێراق چوار ملیار دۆلار قەرزی ئێران ده‌داته‌وه‌

په‌رله‌مانتارێكى ئێرانى ئاشكراى ده‌كات، عێراق له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو چوار ملیار دۆلارى داوه‌ته‌وه‌ كه‌ وه‌ك قه‌رز له‌لاى بوو.

محه‌مه‌د جه‌واد جه‌مالى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانى ئێران ئاشكراى كردووه‌، دواى سه‌ردانه‌كه‌ى حه‌سه‌ن رووحانى سه‌رۆكى ئێران بۆ عێراق، ئه‌م وڵاته‌ بڕى چوار ملیار دۆلار قه‌رزى ئێرانى داوه‌ته‌وه‌.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى ئێران باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى رووحانى به‌رپرسانى عێراق دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان پابه‌ند نابن به‌ سزاكانى ئه‌مه‌ریكا.

 حه‌سه‌ن رووحانى سه‌رۆكى ئێران هه‌فته‌ى رابردوو سه‌ردانى عێراق كرد، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى سه‌ردانه‌كه‌ گه‌شه‌كردنى پێوه‌ندى بازرگانى بوو. ئێران بۆ ئه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئاستى بازرگانى خۆى بۆ 20 ملیار دۆلار به‌رز بكاته‌وه‌.

 به‌هۆى ئه‌وه‌ى عێراق بڕێكى زۆر كاره‌با له‌ ئێران ده‌كڕێت، بۆیه‌ ساڵانه‌ قه‌رزێكى زۆرى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر. له‌ هاوینى رابردوو كاتێك ئێران به‌هۆى دواكه‌وتنى قه‌رزه‌كه‌ى كاره‌باى له‌سه‌ر عێراق بڕى، كێشه‌یه‌كى زۆر تووشى عێراق بوو. 

چونكه‌ ناڕه‌زاییه‌كى سه‌رانسه‌رى باشوورى عێراقى گرته‌وه‌ و حكوومه‌تیش به‌ زه‌بروزه‌نگ به‌ره‌نگارى ناڕه‌زاییه‌كان بووه‌وه‌.