پەیامى حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجه‌دا

لەیادی کیمابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاری زۆر ماوە بۆ برینداران و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمایی بکرێت و چاوەڕوانیشن کە حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی هەڵستێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی خەڵکی ناوچەکە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، پەیامێکی بەبۆنەی کیمابارانکردنی هەڵەبجە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: “ئەمڕۆ سی و یەک ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە وێڕای شەھیدبوونی پێنج ھەزار ھاووڵاتیی بێتاوان، ھەزارانی دیکەش بریندار بوون و تا ئێستاش زۆربەیان بەدەست لێکەوتە و کاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەروونییەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن. ئەمە وێڕای ئاوارەبوونی ھەزاران خێزان و وێرانکردن و تێکدانی ژینگەی ئەو دەڤەرە دڵگیرەی کوردستان”. 



لە بەشێکی پەیمامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە: “یادکردنەوەی ئەم کارەساتە جگە لەوەی رێزگرتنە لە قوربانییانی گەلەکەمان و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدانمان، جەختکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشە لە بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیایی و خزمەتکردنی زیاتری ھەڵەبجەی ئازیز کە بێگومان کاری زۆر ماوە بۆیان بکرێت و حکوومەت بە پەرۆشەوە خزمەتی زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە پارێزگای ھەڵەبجە و دانیشتوانە سەربەرزەکەی بە ئەرکی گرنگ و سەرەکیی خۆی دەزانێت”. 



حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: “چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی عێراقیش بەجێگەیاندنی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیەتی دەرھەق بەم پارێزگایە و دانیشتوانەکانی لە ھەموو جۆرە بایەخپێدانێک لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵکەک و ژینگەکەی، وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق”. 



لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە وەک چۆن ھەڵەبجەی شەھید سیمبولی ئازار و قوربانیی گەلەکەمانە، بە ھەمان شێوەش سیمبولی خۆڕاگری و زیندووییمانە. قوربانیان و ئەو ئازیزانەمان کە لەم کارەساتە ناخھەژێنەدا لەدەستمان داون، ھەمیشە لە یادمانن و تاھەتایە لە ویژدانی ئەم گەلەدا یادیان زیندووە.