بەنداوێكی ئێران سەرچاوەی ئاوی عێراق کەمدەکات

خۆپیشاندەران لە شاری سلێمانی دروشمیان بەرزکردۆتەوە دژی به‌ربه‌سته‌كانی ئێران لەسەر رووبارەکان و رێرەویان بۆناو عێراق وەك لەم وێنەیەدا له‌ 5 تەمموزی 2017 دەردەکەوێت. [خاوەنی وێنە: هەنگاوی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاری لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق]

شارەزایان ده‌ڵێن ئەو بەنداوانەی ئێران دروستیاندەکات رێرەوی ئاوی رووبارەکانیان گۆڕیوە کە دێنە ناو عێراقه‌وه‌ و ئەمەش بۆتە هۆی کەمی ئاو لە گەرووی رووبارەکاندا و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵیەکان و بێبەشکردنی عێراقییەکان لە سەرچاوەی ئاوی پێویست.

دەڵێن عێراق چەندین زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەستداوە لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی گۆڕینی ئاراستەی رووبارەکانەوە له‌ نزیك سەرچاوەکانیانه‌وه‌، رەوشەکەش زۆر خراپ بوو ساڵی پار چونکە ئەوەی هەبوو بەشی تەواوی پێویستیەکانی ئاوی خواردنەوەی نەکرد.

بەنداوی کۆلسا لە  سەردەشتی ئێران لە سەدا 80 ئاوی رووباری زابی بچوکی کەمکردووە کە ده‌ڕژێته‌ ناو رووباری دیجلەوە، ئەمەش قەیرانی ئاوی رووستکردە لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە سلێمانی.

تانکەر ئاوی خواردنەوەی دابیندەکرد بۆ دانیشتوانی سەحالات لە شارۆچکەی ناسریە لە وشکەساڵیه‌كه‌ی پاردا  له‌ 12 ئەیلولی 2018. 

شارەزایه‌كی بواری کشتوکاڵ، عادل موختار  وتی: “ئاستی ئاوی 42 رووبار و زێ کە سەرچاوەکانیان لە ئێرانە و دێنه‌ ناو خاکی عێراقەوە، کەمیانکردووە و هەندێکیان هەر نەماون.”

وتی له‌نێویاندا ئه‌و رووبارانه‌ هه‌ن کە سەرەکیترین ئاوده‌ری رووباره‌كانی دیجلە و شەتلعەرەبن، له‌وانه‌ کارون و زابی گەورە و زابی بچوک.

وتی ساڵی رابردوو ئاستی ئاو کە لە ئێرانەوە دێت بۆ عێراق زۆر کەمیکرد، دەرئەنجام “شەپۆلی تینوێتی و وێرانبوونی خەرمانی لێکەوتەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی بێپێشینەی ئاستی خوێی رووبارەکان.”

به‌گوێره‌ی وەزارەتی ئاوی عێراق، ئاستی خوێ لە شەتلعەرەب لە بەسرە لە ئاستی ئاساییەوە کە 1000 به‌ش له‌ ملیۆنێك (ppm) بوو، زیادیكردووه‌ بۆ 25,000 به‌ش له‌ ملیۆنێك.

به‌گوێره‌ی وەزارەتەکە، زیادبوونی خوێی ناو رووبارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێران ئاوی خوێیاوی زۆری بەرداوەتەوە کە بووەتە هۆی مردنی چەند ملیۆن ماسی و زیانی جدی گەیاندووە بە ژینگە.

موختار وتی: “ئەمساڵ، زۆریی باران و بەفر کێشەی وشکەساڵییەکەی کەمکردۆتەوە،” وتیشی پێدەچێت ئه‌مباره‌ ستراتیژیەکانی ئاو بە نزیکەی 37 ملیار مەتر سێجا زیاد بکەن لە کۆتایی ئایاردا.

وتی: “رەوشی ئێستای ئاو باشە و ئه‌مباره‌كان نزیکەی 26 ملیار مەتر سێجا ئاویان تیادایه‌.” ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ کێشەکە لەوانەیە سەرهەڵبداتەوە ئەگەر زستانی ساڵی داهاتوو رێژەی باران بارین کەمبکات.

رێژەی هاتنی ئاو کەمدەبێتەوە
ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین بەنداوی دروستکردووە لەسەر رووبارەکانی دێنە ناو عێراقەوە، رێرەوی نزیکەی حەوت بلیۆن مەتر سێجا ئاوی گۆڕیەوە بۆ تێرئاوکردنی 770,000 هێکتار زەوی کشتوکاڵی لە ئەهواز و ئیلام.

وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاو، حەسەن جەنابی تشرینی یەکەمی پار وتی بەنداوە ئێرانییەکان بچوکن “بەڵام زۆرن و بەیەکەوە کاردەکەن وەك یەك بەنداوی گەورە”.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ کارەکانی نزیکەی 10 بەنداو تەواوبوون و وتی ئەوانەش بوونەتە هۆکاری “کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی هاتنی ئەو ئاوەی [لە ئێرانەوە] دێتە ناو بەنداوی دەربەندیخانه‌وه‌ [لە عێراق]”.

لەهەمانکاتدا کۆمپانیای بەڕێوبردنی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران رایگەیاند كه‌ دەیەوێت 109 بەنداوی نوێ دروستبکات به‌گوێره‌ی پلانێك کە تا ساڵی 2021 درێژەی دەبێت.

لەناو ئەو کۆمپانیایانەدا كه‌ سەرپەرشتیاری دروستکردنیان دەکەن گروپیخاتەم ئەلئەنبیاهه‌یه‌ کە باڵی ئابوری سوپای پاسدارانی ئێرانە.

دوو کۆمپانیاکەی دیکە قودس ئەلرەدوی و موزتەعزه‌فان لەژێر فەرمانی سەرۆکی ئێراندان، عەلی خامنەیی.

ئاو کێشەیەکی قوڵە
شارەزای سەربازی و ستراتیژی، موئەیەد سالم جوحەیشی ده‌ڵێت: “ئاو کێشەیەکی قوڵ بوو لەنێوان ئێران و عێراقدا بەر لە شەڕی نێوان هەردوو وڵات.”

وتی ئەمڕۆش “مەترسییەکی گەورەیە”، چونکە رژێمی ئێران دەیەوێت زۆترین توانای سەرچاوە ئاوییەکان بەکاربهێنێت و “عێراق بێبەشبکات لە مافەکانی بەسەر ئاوی ئەو رووبارانەوه‌ كه‌ سەرچاوەیان لەناو ئێراندایە”.

وتی لە بەرامبەر گەمارۆ نێودەوڵەتیەکانیشدا، ئێران “فشاری لەسەر عێراق زیاترکردووە بە ستراتیژی رێگریکردن لە ئاو بۆئەوەی بێتە پاڵی و لەگەڵیدا تەحەدای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات”.

جوحەیشی وتی: “ئێرانییەکان نابێت رێگەیانبدرێت بمانخەنە ناو ئەو کێشانەوە و کەنارگیرمان بکەن لە دنیا یان هەلیان پێبدرێت کاریگەی لەسەر سیاسەتمان بکەن و قەدەرمان بەخۆیانەوە ببەستنەوە.”

وتی: “دەبێت خۆمان له‌ خۆسەپاندنی ئەوان رزگاربكه‌ین.”

وتیشی: “وڵاتانی دیکەش هانمان دەدەن ئەمە بکەین بەڵام ئێران هەوڵدەدات بەرگری بکات و ئیرادەی نێودەوڵەتی وەلاوەبنێت.”

شارەزایه‌كی سیاسی، هیلال عوبێدی رایگه‌یاند: “ئێران بەزۆر خۆی بەسەر هەموو کاروبارەکانی عێراقدا سەپاندووە و کاردەکات بۆ بێبەشکردنی لە مافەکانی، ئابووریەکەی بگوشێت وسامانه‌كه‌ی بدزێت.”

وتی عێراق پێویستە هاوکاری بکرێت بۆئەوەی بەرگەی ئەو فشارە بگرێت کە لەسەرێتی لە ئێرانەوە پەیوەند بەکێشەکانی ئاو و وزە و بازرگانی.