وەزارەتی نەوتی عێراق رادەگەیەنێت “بڕی هەناردەكردنی نەوت رۆژانە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، بە رێژەی سەدا ٤،١ زیادیكردەوە”.
وەزارەتی نەوتی عێراق، رایگەیاند كە بڕی هەناردەكردنی نەوت رۆژانە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، بە رێژەی سەدا ٤،١ زیادی كردووە و گەیشتووەتە سێ میلۆن و ٣٤٨ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
لە بەیاننامەیەكدا، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو رۆژانە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر لە سێ میلۆن و ٢١٦ هەزار بەرمیل گەیشتووەتە سێ میلۆن و ٣٤٨ هەزار بەرمیل.
هاوكات عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رایگەیاند كە تێكڕای بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە، ١٠٣ ملیۆن و ٧٣٠ هەزار و ٦٨٠ بەرمیل.
عاسم جیهاد، روونی كردووەتەوە كە بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە و هەناردەكردنی هیچ بڕێک لە كێڵگەكانی كەركووك تۆمار نەكراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە داهاتی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی رابردوودا، پێنج ملیار و ٤٥٥ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار میلۆن دۆلار بووە.