خاڵە رەجەب لە شاری سلێمانی زیاتر لە دە ھەزار وێنەی کۆنی کۆکردۆتەوە

رەجەب رەفیق تۆفیق پیاوێکی تەمەن ٦٧ ساڵانی شاری سلێمانییە و بە خاڵە رەجەب ناسراوە، ئەو پیشەی کاسبە و لەناو بازاڕی شاری سلێمانی شوقەیەکی ھەیە، بەڵام خولیای ئەرشیفکردن و کۆکردنەوەی وێنە کۆنەکان و ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی ھەیە کە لە کۆندا بەکارھاتوون، لە ئێستادا شوقەکەی کردووەتەوە مۆزەخانەیەکی بچووک و ھەزاران وێنەی جۆراوجۆری کۆن و کاڵا و کەلوپەلی کۆنی تێدا کۆکردووەتەوە و ھەمویانی ھەڵواسیوە.

خاڵە رەجەب کە ئێستا بە زۆری سەرقاڵی رێکخستن و کۆکردنەوەی وێنە کۆنەکانە وتی: “ماوەی پێنج ساڵە دەستم بەم ئەرکە کردووە و وەک حەز و خولیایەک بڕیاری ئەوەمدا وەک کەسانی پێش خۆم بتوانم لەسەر ئەرکی خۆم کارێک بکەم و ئەو وێنە کۆنانەی ھەیە لە وێنەی کەسایەتی و سەرکردە و چینەکانی تر کۆیان بکەمەوە و بیان پارێزم”.

ئەو وتی: “تائێستا زیاتر لە دە ھەزار وێنەی کۆنم کۆکردۆتەوە کە زۆربەیان وێنەی شاری سلێمانی و کەسایەتییەکانی ئەم شارەیە، جگە لە وێنەی کەسایەتی و سەرکردەکانی تر لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق کە وێنەی جۆراوجۆری دەگمەنی ئەو کەسانەن”.

خاڵە رەجەب سەبارەت بەچۆنێتی دەستخستن و کۆکردنەوەی وێنەکان وتی: “ھەموو وێنەکان بە زەحمەت و لەسەر ئەرکی خۆم بەھاوکاری چەند کەس و دۆستێک بەدەستم ھێناون، ئەویش لە رێگەی داواکردنی راستەوخۆ لە خەڵک یان بە تەلەفون و سەردانی شارەکان بۆ گەڕان و دەستخستنی ئەو وێنە و کاڵا و کەلوپەلە کۆنانە”.

بە وتەی خاڵە رەجەب، سەردەمی بەشێک لە وێنەکان بۆ سەردەمی سەرەتای دامەزراندنی شاری سلێمانی، دواتر سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، ھەروەھا سەردەمی دەوڵەتی پادشایەتی لە عێراق و قۆناغەکانی دواتر دەگەڕێتەوە و ئەو وێنانە وێنەی دەگمەنن کە بەشێکیان تائێستا نەبینراون.

ئەو باس لەوەش دەکات، وێنەکان بۆ خۆیان دەیان دوێنن بەو ھۆیەشەوە دەیەوێت ناوی ئەرشیفخانەکەی بکاتە “وێنەکان دەمان دوێنن” ئەوەش بەھۆی ئەوەی ھەر وێنەیەک لە سەردەمێکی جیاوازدا گیراوە و مێژوو چیرۆکێکی زۆر لە پشت وێنەکانەوە ھەیە.

خاڵە رەجەپ پلانی ھەیە ژمارەیەکی زۆرتری وێنە و کاڵا کۆنەکان لە ئەرشیفخانەکەیدا کۆبکاتەوە، بەڵام بچووکی جێگاکەی رێگای نمایشکردن و پیشاندانی ئەو وێنانەی بە شێوەیەکی جوانتر پێنادات، بۆیە داواکارە لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکاری بکەن لە دۆزینەوەی شوێنێکی گەورە و گونجاو تا بتوانێت بەشێوەیەکی رێکتر و گونجاوتر وێنە و کەلوپەلە کۆنەکان نمایش بکات و خەڵکێکی زۆر سەردانی بکەن و وێنە و کاڵا کۆنەکان ببینن.