تاوانبارانی دزینی پارە له‌ نەخۆشخانەی شار دەستگیرکران

ئاسایشى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەو باندەى کە پارەى فەرمانبەرانى نەخۆشخانەى شاریان دزیبوو حەوت کەس بوون و سەرجەمیان دەستگیرکران و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، “باندەکە حەوت کەس بوون و سەرجەمیشیان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە”

ڕاشیگەیاند، “لە ٨٠%ی تۆمەتبارەکان پێشینەیان هەیە و پێشتر تاوانیان ئەنجام داوە”

ڕوونیشیکردەوە، “هیچ کەس و لایەنێک لە پشتی ئەو باندەوە نین”

هاوکات بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، “یەکێک لە ئەندامانى لیژنەى وەرگرتنى موچە بە ناڕاستەوخۆ هاوکاری باندەکەى کردووە”

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاند، باندەکە 10 رۆژ سەرقاڵی پلاندانان بون بۆ ئەنجامداندانی کارەکە و سەرجەم ئەندامەکانی ئەو گروپە پێشتر چەندینجار سزادراون و زیندانیکراون.

کارەکە بە دوو باندی ھەشت کەسی کراوە، چەند کەسێکی دیکە لە روداوەکە تێوەگلاون، دوو ئۆتۆمبێل لەکارەکە لە جۆری نیسان پاترۆڵ و سدریک بەکارھێنراون.

 دو لە ئەندامانی باندەکە کاتژمێر 4:00ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە بەرەو شارۆچکەیەکی نزیک لە سلێمانی ھەڵاتوون، بەڵام لەلایەن ھێزێکی ئەمنی دەستگیرکراون.

بەپێی بەشی ژمێریای نەخۆشخانەی شار، بڕە پارەکە سەرجەمی بریتییە لە یەک ملیار و شەش سەد ملیۆن و  ٢٨ ھەزار دینار، کە شایستەی دارایی سەرجەم فەرمانبەر و کارمەند و پزیشکانی نەخۆشخانەی شار و بنکە تەندروستییەکانێتی.