زیانی شەڕەکان لە وڵاتانی عەرەبی ٩٠٠ ملیار دۆلار بووە

جێگری یەکەمی سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، مەحمود محییەددین رایگەیاند، زیانی ئەو وێرانکارییانەی کە لە نێوان ٢٠١٠- ٢٠١٨دا لە وڵاتە عەرەبییەکان بە ھۆی شەڕەکانەوە کەوتوونەتەوە، گەیشتووەتە ٩٠٠ ملیار دۆلار.

ئاژانسی ھەواڵیی KUNA بڵاویکردەوە، مەحمود محییەددین ئاماژەی بەوەداوە، زیانی ئەو وێرانکاری و دەرفەتی گەشەسەندن کە لەدەستچووە بە ھۆی ھەشت ساڵ شەڕ و پێکدادان لە وڵاتانی عەرەبی یەکجار زۆرە بەجۆرێک گەیشتووەتە، ٩٠٠ ملیار دۆلار.

دوای سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی لە یەمەن، سووریا و لیبیا لە ساڵی ٢٠١١دا، ئەو وڵاتانە رووبەڕووی شەڕ و پێکدادان بوونەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری و ژێرخانی ئەو وڵاتانە دروستکردووە، بەدەر لەوەش شەڕ و پێکدادانەکانی دژبە رێکخراوی داعش لە سووریا و عێراق، ژێرخانی ئەو دوو وڵاتەی رووبەڕووی وێرانکاری زۆر کردووەتەوە.

جێگری یەکەمی سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، مەحمود محییەددین باسی لەوەشکرد کە وڵاتانی عەرەبی ئادایەکی زۆر خراپیان لەسەر ئاستی جیھان لە رووی دابەشکردنی داھاتەوە تۆمارکردووە، بەجۆرێک ١٠ لەسەدای دەوڵەمەندان لە وڵاتانی عەرەبی دەستیان بەسەر ٦٠ لەسەدای داھاتی نەتەوەییدا گرتووە، بەراورد بە ٤٥ لەسەدا لە ئەورووپا.

مەحمود محییەددین راشیگەیاندووە کە بانکی نێودەوڵەتی پێشبینیکردووە، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بگاتە ٦٩ بۆ ٧٤ دۆلار.