ئامادەكارییەكان بۆ فێستیڤاڵی بازاڕكردن له‌ وان دەستیپێكرد



ئامادەكارییەكان بۆ پێنجەمین فێستیڤاڵی بازاڕكردنی وان (Van Shopping Fest) كە بەچڕی جێگای سەرنجی گەشتیارانی ئێرانییە و لە پشووی 13 رۆژیی نەورۆزدا رووی تێ دەكەن، دەستیپێكردووە.

لە چوارچێوەی ئەو فێستیڤاڵەی 15 بۆ 29ی ئادار بە دەستپێشخەریی پارێزگای وان بەڕێوەدەچێت، بەئامانجی هێشتنەوەی گەشتیارانی ئێران بۆ ماوەیەكی زیاتر لە وان، چەندین كار و چالاكیی جۆراوجۆر و داشكاندنی نرخەكان پلانیان بۆ دانراوە.

هەزاران نامیلكەی رێبەری بە زمانی فارسی چاپكراوە بۆ گەشتیارە ئێرانییەكان و سەدان لافیتەی ئینگلیزی و فارسی بەرچاو دەكەون لە شارەكەدا.

لە پێناو ئەوەی گەشتیارە ئێرانییەكان كێشەی مامەڵەیان نەبێت لە لایەن یەكێتیی ژوورەكانی كاسبكاران و پیشەوەرانی وان-ەوە خولی ئینگلیزی و فارسی كراوەتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت هەزاران گەشتیاری ئێرانی سەردانی وان بكەن و فێستیڤاڵەكە گەرموگوڕتر بكەن.