دەستەی فڕۆکەوانی چین بەکارھێنانی سەرجەم فڕۆکەکانی جۆری “٧٣٧ ـ ماکس ٨”ی ھەڵپەسارد


ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشێتد پرێس رایگەیاند دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی چین، بڕیاری دا بە ھەڵپەساردنی بەکارھێنانی سەرجەم فڕۆکەکانی جۆری “٧٣٧ ـ ماکس ٨” کە لە لایەن کۆمپانیای پوینگ-ی ئەمریکییەوە بەرھەم دەھێندرێت.

بەپێی هەواڵێکی ئەسۆشیتد پرێس، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی چین، بڕیاری دا بە ھەڵپەساردنی بەکارھێنانی سەرجەم فڕۆکەکانی جۆری “٧٣٧ ـ ماکس ٨” کە لە لایەن کۆمپانیای پوینگ-ی ئەمریکییەوە بەرھەم دەھێندرێت. شایەنی باسە ئەم بڕیارەی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی چین دوای ئەوە دێت کە دوێنێ یەکشەممە فڕۆکەیەکی ھێڵی ئاسمانی ئەسیوپیا لە جۆری “٧٣٧- ماکس ٨” کە گەشتی بۆ نایروبی ئەنجام دەدا بە ١٥٧ سەرنشینەوە تێکشکا بە ھۆیەوە سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا کە لەنێو قوربانییەکاندا ژمارەیەک ھاووڵاتی چین ھەبوون.

هاوکات ئاژانسی ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بڕیارەی لە کاتژمێر نۆی بەیانی بەکاتی ناوخۆ دەرکردووە و تا نۆ کاتژمێر کاری پێ دەکرێت و بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی چین ئەو بڕیارەی بە ھۆی رەچاونەکردن و پشتگوێخستنی مەترسییە ئەمنییەکان دەرکردووە.

لەلایەکی دیکەوە دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی چین باسی لەوەشکردووە کە ئەمە دووەم رووداوە کە ئەو جۆرە فڕۆکەیە رووبەڕووی دەبێتەوە، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی لەوجۆرە لە ٢٩ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە کەناراوەکانی ئیندۆنێزیا تێکشکاو بە ھۆیەوە سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.

دەستەی ناوبراو راشیگەیاندووە کە دوای راوێژکردن لەگەڵ کارگێڕی فڕۆکەوانی فیدرالی ئەمریکا، بڕیارێکی دیکە لەوبارەوە دەدات.