سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆککۆماری ئێران کۆنفرانسێکی هاوبەشیان ئەنجامدا و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.
دوا بە دوای سەردانەکەی حەسەن رووحانی بۆ عێراق و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، هەردوو سەرۆک کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد.
هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا سەرەتا بەرهەم ساڵح لەبەرامبەر سەردانەکەی رووحانی بۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە گەشبینە بەوەی وڵاتانی ناوچەکە باش تێدەگەن لە گرنگی ئارامی ئاسایش لە عێراق و گرنگی پاڵپشتیکردن لە جیبەجیکردنی ئاسایش لە عێراق و ببێتە مەیدانی دیدارەکانی بۆ سوودگەیاندن لە نێوان گەلەکانی ناوچەکەدا.
سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی، “بە فەخامەتی سەرۆک رۆحانیم وت، كەسانێك هەیە كە دەڵێن، هەڵكەوتەی جوگرافی عێراق قورسە و ململانێ و كێشەی زۆری تێدایە، بەڵام لە لایەكی دیكەوە عێراق خۆشبەختە بە دراوسێ ئیسلامییەكەی لە ئێران و توركیای دراوسێی”.
لەبەرامبەردا حەسەن رووحانی تیشکی خستە سەر رابردووی هەردوو وڵات و وتی، “سوپاسی گەلی عێراق دەکەم بۆ ئەو پێشوازیە گەرمیەی کە لێیان کردم، ئێمە لە عێراقدا واهەست دەکەین کە لە نیشتیمانی دوەممانداین چونکە ئەو پەیوەندیانە کە هەردو وڵات و هەردو گەلەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە پەیوەندیەکی نوێ نین”.
هاوکات رووحانی ئاماژەی بە پەیوەندی هەردوو وڵات کرد و وتیشی، “ئەو پەیوەندیانە دەگەڕێنەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر کە پەیوەندی ئاینی و رۆشنبیری و مێژویی و هەرێمین و ئێمە دەست لەو پەیوەندیانە هەڵناگرین و دەبێت تەواوی توانامان بخەینەگەڕ بۆ باشترکردنی ئەو پەیوەندیانەمان”.
شایەنی باسە رووحانی وتیشی، “هەردوو وڵات رووبەرووی بارودۆخی سەخت و کێسەی گەورە هاتووە بەهۆی تیرۆرەوە. بەداخەوە هەردوو گەل بەدەست ئەو نەریتەوە دەناڵێنن. سەرەڕای ئەمە هەمیشە لە رۆژە ناخۆشەکاندان لەگەڵ سووپای عێراقدا بووین و بەردەوامیش دەبین”.
سەرۆک کۆماری ئێران راشیگەیاند، “عێراق وڵاتێکی ئیسلامی و عەرەبییە و رۆڵێکی باڵای هەیە لە دابینکردنی ئارامی و گەشەسەندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر. پێویستە لەگەڵ عێراق بین. ئەوەی بەلامانەوە گرنگ بێت، سەقامگیری عێراقە و باوەڕمان بەوە هەیە گەر ئارامی و سەقامگیری لە عێراق هەبێت واتە لە سەرجەم ناوچەکەدا هەیە”.