ئێران داوای له‌ عێراق كردووه‌ ڤیزا له‌ نێوانیان هه‌ڵبگیرێت


وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند: پێشنیاری ھەڵگرتنی ڤیزایان لە نێوان وڵاتەکەی و عێراق کردووە، ھیواشی خواست کە لەمبارەیەوە ھەواڵی ئەرێنی رابگەیەنن. 

بەپێی ئەو ھەواڵانەی كه‌ لە میدیاكانی فەرمی ئێران بڵاوکراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران، زەریف کە مەبەستی ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی بۆ عێراق، سەردانی شاری بەغدای کردووە، لێدوانی بۆ راگەیاندنەکانی عێراق داوە. 

محه‌مه‌د جه‌واد زەریف ئاشکرایکردووە کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی ھەردوو وڵات دانوستانی ئەرێنی کراوە و گوتیشی: “پێشنیاری ئەوەمان بۆ برایانی عێراقی کرد کە بە تەواوی ڤیزای ھەردوو وڵات ھەڵبگیرێت یان بە بێ بەرامبەر بێت، ئەگەر ئەوەش نەبێت داوای ئەوەمان کرد کە نرخەکان دابەزێنرێن بۆ ئاستێکی گونجاو.

له‌باره‌ی هەڵگرتنی ڤیزه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران عه‌بدوڵلا ئاكرەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران بە كوردستان تیڤی ڕاگەیاند: پیشتریش ئێران ئەو داواكارییەی هەبووە بەڵام حكومەتی عێراق ڕەتیكردووەتەوە، چونكە بە هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێران ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی ئێرانی دێنە عێراق ئەوانیش ئەو ئامادەكارییەیان نییە بۆ هاتنی گەشتیاران.

بەڵام هەرێمی كوردستان لەو ڕووەوە ئامادەیە و ساڵانە گەشتیارێكی زۆری ئێرانی دێنە هەرێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەشدا ئێستا ڤیزای ئێران تەنیا بۆ ئەو كەسانە هەڵگیراوە كە پاسەپۆرتی دیبلۆماسییان پێیە.