له‌ سلێمانی به‌رگدوروه‌كان ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت داواکاری له‌ هاووڵاتیان وەرناگرن


به‌بۆنه‌ی به‌هار و نه‌ورۆز جوڵهکەوتووەتە بازاڕی جلی كوردی و به‌رگدوروه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هێنده‌ جلیان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت داواکاری له‌ هاووڵاتیان وەرناگرن.

ماوه‌ی سێ ساڵ ده‌بوو به‌هۆی تەنگژەی دارایی هاووڵاتیان توانای دروونی جلوبەرگی کوردیان نەبوو و قوماش فرۆشان تووشی بێبازاڕییەکی قورس هاتبون و مقه‌ستی بەرگدروه‌كانیش هه‌رده‌م له‌ چاوه‌ڕێی بڕینی قوماشێکدا بوون کە زۆر بە دەگمەن تووشی دەهاتن، به‌ڵام ئه‌مساڵ بازاڕه‌كه‌ جوڵه‌یه‌كی باشی تێكه‌وتووه‌ و هه‌ر به‌رگدروێك ده‌بینی به‌هۆی سه‌رقاڵیه‌وه‌ كاتی قسه‌كردنی نییە و دوکانەکانیان جمەی دێ لە قوماشی جۆراوجۆر کە لە چاوەڕوانی درووندا کەڵەکە کراون.

به‌كری مه‌لا، به‌رگدرووی‌ ناو بازاڕی سلێمانی  ڕاگه‌یاند، سێ ساڵیش ده‌بێت هێنده‌ی ئه‌م به‌هاره‌ بازاڕیان جوله‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌وهی‌ له‌ سێ ساڵی رابردوو نه‌مانتوانیوه‌ بیكه‌ن، ئه‌م به‌هاره‌ له‌ مانگی یه‌كه‌وه‌ هه‌قی ئه‌و سێ ساڵه‌مان كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و به‌ ده‌م دورین و بڕینی قوماشەوە‌ باسی له‌وه‌ ده‌كرد، سێ ساڵ ده‌بوو هاووڵاتیان ته‌نانه‌ت له‌ به‌كارهێنانی جلی كوردی دوركه‌وتبونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ خەڵک لەگەڵ جلی كوردی دوباره‌ ئاشنابونه‌وه‌ به‌ یه‌كتری و بازاڕی ئێمه‌شیان گه‌رموگوڕ کردۆتەوە.

وەستا بەکر دووپاتی دەکاتەوە، ئه‌مساڵ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ ئه‌وه‌مان به‌دی كرد كه‌ بازاڕ جوڵه‌ی باشی كردووه‌، تا كۆتای مانگی شوبات زۆرترین داواکاری و قوماشمان بۆ هاتوه‌ و خواست له‌سه‌ر جلی كوردی وەک ساڵانی پێش تەنگژەکەی لێ هاتووەتەوە‌، به‌ جۆرێك ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك هه‌فته‌یه‌ رۆژانه‌ ده‌ هاووڵاتی سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و قوماشمان بۆ ده‌هێنن، به‌ڵام لێیان وه‌رناگرین و كاتمان نه‌ماوه‌ و ته‌نانه‌ت كاتی ئه‌وه‌مان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ پشویه‌ك بده‌ین و به‌ ئاسوده‌یی نانێك بخۆین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، له‌ كۆتای مانگی كانونی دووه‌م تا ئێستا زیاتر له‌ 200 قاتی   كوردیمان دوریوه ‌و ئێستاش به ده‌یان قاتمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌  هه‌فته‌یه‌كه‌ هیچ قوماشیان له‌ هاووڵاتیان وه‌رنه‌گرتوه‌.

ره‌فیق تۆفیق له‌ ناو بازاڕی سلێمانی ‌ كاری ته‌نیا دورینی پشتوێنه‌ بۆ جلی كوردی ئاشکرای دەکات، بازاڕمان زۆر باشه‌، خۆزگه‌ هه‌رده‌م به‌و شێوه‌یه‌ دۆخی دارایی هاووڵاتیان باش و بێ كێشه‌ ده‌بوو، چونكه‌ كاری ئێمه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ باشی لایه‌نی دارایی هاووڵاتیان.

“زیاد له‌ یه‌ك مانگ ده‌بێت بازاڕمان جووڵه‌ی تێكه‌وتووه ‌و به‌ دوو كه‌سه‌وه‌ فریای دورینی پشتوێن ناكه‌وین و به‌ نۆره‌ كار ده‌كه‌ین، یه‌كێكمان ئه‌گه‌ر قوماش بفرۆشێت ئه‌وی ترمان پشتوێنه‌كه‌ ده‌دورێت” وەستا رەفیق وای گوت.


زیاتر روونی دەکاتەوە، ته‌نها له‌ ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا زیاتر له‌ 250 پشوتێنمان دوریوە، بۆ رۆژی نه‌ورۆز 200 پشتوێنی تر  له‌سه‌ر خواست و داواكاری هاووڵاتیان ده‌دورین.

جه‌لال مه‌حمود، خاوه‌نی دوكانی قوماش له‌ سلێمانی راگه‌یاند، به‌ گشتی ئه‌مساڵ بازاڕی جلی كوردی زۆر جیاواز بوو، هاووڵاتیان گرنگی باش به‌ جلی كوردی ده‌ده‌ن، ده‌توانم بڵێم ته‌نها له‌و به‌هاره‌ی ئه‌مساڵ هێنده‌ی ساڵی رابردوو قوماش فرۆشراوه‌.

وتیشی، ناكرێت بازاڕی جلی كوردی ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ بۆنهکانەوە، جلی كوردی جلێكی ره‌سه‌نی كورده‌واری تایبه‌ت به‌ كوردستانه، ده‌كرێت هه‌موو كات هاووڵاتیانمان گرنگی پێ بده‌ن، به‌ڵام خراپی دۆخه‌كه‌ وا ده‌كات هاووڵاتیان له‌و كولتووره‌ی خۆیان دوور بكه‌ونه‌وه‌.

كاشان ڕه‌حیم، خاوه‌نی برگدروی “كه‌تی خانم” به‌ وشه‌ی راگه‌یاند، ئه‌مساڵ بازاڕی جلی كوردی ژنان زۆر جیاواز بوو له‌چاو ساڵانی رابردوو، ژنان زۆر گرنگیان به‌ جلی كوردی داوه‌ و به‌شێواز و دورینی نوێ، هه‌روه‌ها هاتنی قوماشی جوان و جیاواز هۆكارێكه‌ كه‌ وایكردووه‌ بازاڕه‌كه‌ی زیاتر خۆش كردووه‌.

ئه‌وه‌شی وت، ژنان روویان لە جلی كوردی کردۆتەوە‌ و وه‌ك ساڵانی زوو ئێسته‌ هه‌ر ژنێك ده‌بینی له‌ هه‌ر پێگه‌و ده‌زگا و شوێنێك زیاتر جلی كوردی ده‌پۆشن له‌ كاتێكدا چه‌ند ساڵ پێش ئێستا ئه‌وه‌ زۆر كه‌مبو یان ته‌نها له‌ كاتی بۆنه‌كاندا هه‌بوو.