له‌ سلێمانی چالاکی جۆراوجۆر بەبۆنەی رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی به‌رێوه‌چوو


ئەمڕۆ لە رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی و ھاتنی وەرزی بەھار، بەشی زۆری مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاجیاکان لە ھەردوو رەگەز، جیاواز لە رۆژەکانی دیکەی ساڵ بە جلوبەرگی کوردییەوە چونەوە دەوام و سەر کارەکانیان و چەندین فێستیڤاڵی تایبەت و چالاکی جۆراو جۆر بەو بۆنەیەوە ساز کران.

لە زۆربەی قوتابخانە و فەرمانەکەگاندا بەم بۆنەیەوە ئاھەنگ و ئاھەنگی گۆرانی و میوزیک و نمایشی تایبەتی جلوبەرگ و خواردنی کوردەواری سازکران.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا پاش نیوەڕۆی  یەکشەممە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی فێستیڤاڵێکی گەورە بۆ مامۆستایان و قوتابیانی چەند قوتابخانەیەک سازکرا و چەندین چالاکی جۆراوجۆریان بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

ئێوارەش لە فاملی مۆڵ لە سلێمانی بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی، چالاکی تایبەت بەم بۆنەیەوە سازکرا و تیایدا نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی کوردی پیاوان و ژنان، ھەروەھا ئاھەنگی گۆرانی و میوزیک پێشکەش کرا.