وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تاكو ئێستا هەرێم یەك بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا نەكردوەو بەم نزیكانەش هەردوولا بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە كۆدەبنەوە.
(سامر غەزبان) كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ كاروباری وزە ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوودا هەوڵەكان چڕ دەبنەوە بۆ كۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت.
ڕاشیگەیاند، تاكو ئێستا هیچ گفتوگۆیەك لە نێوان هەرێم و بەغدا نەكراوە ئەوەش بەهۆی سەرقاڵی ناوەند بۆ تەواوكردنی كابینەی (عادل عەبدولـمەهدی) و لە هەرێمیش دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
غەزبان ڕوونیشیكردەوە، بەپێی بڕگەیەكی یاسای بودجەی گشتی عێراق دەبێت هەرێم ڕۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بكات، لەكاتێكدا ڕۆژانە زیاتر لە (400) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت.