وه‌زیری دارایی: له‌پاشه‌كه‌وت ده‌توانرێت قه‌رزی كاره‌باو ئاو بدرێته‌وه‌

رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: له‌مساڵدا ده‌ستده‌كرێته‌وه‌ به‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆرانی ھه‌رێم و پێش جه‌ژنی نه‌ورۆزیش مووچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردووی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شده‌كرێت.

له‌ دیدارێكی تایبه‌تدا له‌ به‌رنامه‌ی پانۆرامای كوردسات نیوز، رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی ھه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌م ساڵدا بڕیاری راگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران ھه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌ و ده‌ستده‌كرێته‌وه‌ به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێم.

راشیگه‌یاند: به‌م نزیكانه‌ ھه‌موو رێكاره‌كان ده‌گیرێنه‌به‌ر بۆ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و به‌پێی میكانزمێكیش له‌ داھاتوودا له‌پاشه‌كه‌وت ده‌توانرێت قه‌رزی ئاو و كاره‌با بۆ حكومه‌ت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌و ھاوكات حكومه‌تی عیراقیش پابه‌نده‌ به‌وه‌ی مووچه‌ی سێ مانگی فه‌وتاوی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێم بدات.

وه‌زیری دارایی وتیشی: دواكه‌وتنی مووچه‌ی مانگی 12 ی ساڵی رابردوو به‌هۆی بڕیاری نوێی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ هه‌ڵبگرێت، دوای ئه‌وه‌ كه‌حكومه‌تی به‌غدا دڵنیایی كردینه‌وه‌ كه‌ بڕی پاره‌ی دیاریكراو كه‌ تایبه‌ته‌ به‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت.

رێباز حه‌ملان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌موو 30 رۆژ جارێك مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌م مانگه‌دا پشووی زۆری تێدایه‌، به‌ڵام پێش جه‌ژنی نه‌ورۆز مووچه‌ی ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كان بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌شده‌كرێت.

له‌كۆتایدا وه‌زیری دارایی وتی: به‌م نزیكانه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و گاز له‌رێگه‌ی سۆمۆوه‌.