رێباز حه‌ملان: ئه‌گه‌ر به‌غدا 317 ملیار دیناره‌كه‌ بداته‌وه‌، ده‌ست ده‌كرێت به‌دانه‌وه‌ی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان

رێباز حه‌ملان رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر به‌غدا 317 ملیار دیناری سێ مانگی یه‌كه‌می ساڵی پار بداته‌وه‌ ئه‌وا ده‌ست ده‌كرێت به‌دانه‌وه‌ی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم. 

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێباز حه‌ملان له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا بۆ چه‌ند كه‌ناڵێك روونكردنه‌وه‌ی پێویستی دا. 

له‌و لێدوانه‌دا حه‌ملان رایگه‌یاند “دوێنێ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌ 52ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ژماره‌ 141مان ده‌ركرد كه‌ دوو بڕگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، بڕگه‌ی یه‌كه‌میان بریتییه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بڕیاری ژماره‌ 64ی ساڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، بڕگه‌ی دووه‌میشیان بریتی بوو له‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ كه‌ له‌رابردوودا كراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات”. 

وتیشی “هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنییدا بڕیاری ژماره‌ 142مان ده‌كرد كه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجوومه‌نی نه‌وت و غازی راسپارد كه‌ پێكدێت له‌ سه‌رۆكوه‌زیران، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان، وه‌زیری پلاندانان، وه‌زیری دارایی و ئابووری، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی نه‌وت و غاز بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر كۆی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌دۆخی ئابووریی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداوه‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنییان له‌ نێویشیدا نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان”. 

له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتیشی”ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مانگه‌كانی 10 و 11 ی ساڵی 2018مان دابه‌شكردبوو، ئێستا سه‌رقاڵی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 12ی 2018 بووین و لیستی مانگی 12 ئاماده‌بوو، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ هاتینه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و هه‌موارێكمان له‌ لیسته‌كه‌دا كرد و ئه‌و لیسته‌ی به‌ پاشه‌كه‌وته‌وه‌ ئاماده‌بوو هه‌موارمان كرد و ئێستا لیسته‌كه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وته‌ و خۆمان ئاماده‌ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌یانییه‌وه‌ مووچه‌كه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش بكرێت و سبه‌ینێ یه‌كه‌م مووچه‌ی بێ پاشه‌كه‌وت كه‌ هی مانگی 12ی ساڵی 2018یه‌ دابه‌ش ده‌كرێت و له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین”. 

رێباز حه‌ملان سه‌باره‌ت به‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وتی: “پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ له‌ رابردوودا راگیرابوو، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌رێی سه‌رۆكایه‌تی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ لێژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت، چونكه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ راگیراوه‌، ئه‌م پرسه‌ بابه‌تێكی یاساییه‌ و مافی مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌رانه‌، بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رنامه‌ی داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ دیراسه‌ ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر بڕه‌كه‌ی زۆر بێت ئه‌وا به‌ چه‌ند قۆناغێك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ریش بڕه‌كه‌ له‌ توانای وه‌زاره‌تی دارایی بوو ئه‌وا به‌ یه‌ك قۆناغ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌لای دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ و له‌وێ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران”. 

سه‌باره‌ت به‌ پاره‌ و موسته‌حه‌قاتی به‌ڵێنده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆرییان له‌لای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند “وه‌كو سه‌رۆكوه‌زیران رایگه‌یاند به‌ڵێنده‌ران یه‌كێك له‌و چینانه‌ی كه‌ تووشی زۆرترین نه‌هامه‌تی و قه‌یرانی گه‌وره‌ بوون هاوشانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ خۆڕاگربوون و زۆر زۆر سوپاسیان ده‌كه‌ین، ئێمه‌ له‌ رابردوودا و له‌ماوه‌ی مانگێك له‌مه‌و پێش بڕی 100 ملیۆن دۆلارمان داونه‌ته‌وه‌، له‌م هه‌فته‌یه‌شدا 100 ملیۆن دۆلاری دیكه‌ش به‌هه‌مان میكانیزمی پێشوو به‌سه‌ر به‌ڵێنده‌ران دابه‌ش ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵێنده‌ران هه‌ردووكییان ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر بوودجه‌ی وه‌به‌رهێنان و ئه‌وانه‌شی له‌سه‌ر بوودجه‌ی پترۆ دۆلاریشن”. 

له‌باره‌ی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و چۆنێتی دانه‌وه‌یان حه‌ملان له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن روونی كرده‌وه‌ “ئێمه‌ له‌ رابردوودا یاسایه‌كمان بردووه‌ته‌ په‌رله‌مان به‌ناوی یاسای چاكسازی، به‌داخه‌وه‌ له‌ خوولی چوار ئه‌و یاسایه‌ تێنه‌په‌ڕێندرا، هیوادارین ئه‌م خوله‌ به‌زووترین كات ئه‌و یاسایه‌ تێپه‌ڕێنرێت، چونكه‌ زۆر بواری دیكه‌ی تێدایه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌هه‌رێمی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی دادپه‌وه‌ری له‌ناو مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌راندا ده‌كات، یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی ئه‌وه‌ یاسایه‌ ئه‌وه‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی تێدا جێگیركراوه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌ بڕگه‌ی دووه‌می بڕیاری هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ئه‌وه‌مان باسكردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، بۆچی له‌گه‌ڵ به‌غدا؟ چونكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ ناچاری بڕیاری پاشه‌كه‌وتی داوه‌، چونكه‌ هیچ داهاتێكی له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌ و ئه‌و بڕیاری پاشه‌كه‌وتكردنه‌ له‌ئه‌نجامی بڕینی بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ بووه‌ و به‌پێی ده‌ستووری عێراق هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌عێراق و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكن له‌فه‌رمانبه‌رانی عێراق پێویسته‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و به‌ گوژمه‌ و به‌ قۆناغ بدرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ ئیلتیزامێكه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوولامان”. 

له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا زیاتر روونیشی كرده‌وه‌ “ئێمه‌ ئێستا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه‌مان جێگیر كردووه‌ كه‌ ئێمه‌ سێ مووچه‌ له‌دواوه‌ین، ئه‌و دواكه‌تنی سێ مووچه‌یه‌ش خه‌تای ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو خه‌تای حكوومه‌تی عێراقه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ساڵی رابردووی 2018 رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ به‌غدا كرد كه‌ مانگانه‌ 317 ملیار دینار بنێرن بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وان له‌مانگی نیسانه‌وه‌ ده‌ستییان پێكرد و سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵه‌یان له‌لایه‌، پاش ئه‌وه‌ی بریكاری وه‌زیر له‌گه‌ڵ شاندێك نارد بۆ به‌غدا ئه‌وان ئه‌وه‌یان جێگیر كرد كه‌ ئه‌بێت ئه‌و سێ مووچه‌یه‌ بنێرن، ئیدی ئه‌وان كه‌ بینێرن له‌گه‌ڵ داهاتی خۆمان به‌ مولحه‌قات له‌گه‌ڵ ئه‌و مووچه‌یه‌ی ئێستا ده‌یده‌ین، ده‌یانده‌ینه‌وه‌”. 

سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌ست و دامه‌زراندنی ئه‌وانه‌ی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دامه‌زرێنراون و داوا ده‌كه‌ین بكرێن به‌ فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی، رێباز حه‌ملان رایگه‌یاند” ئێمه‌ زیاتر له‌ 31 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ستمان له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، پێشتر ئه‌گه‌ر سێ ساڵ زیاتر خزمه‌تی هه‌بووبێت داده‌مه‌زرا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دامه‌زراندن وه‌ستێنرا دامه‌زراندنی ئه‌وانیش وه‌ستێنرا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دامه‌زراندن ده‌ست پێبكرێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ گرێبه‌ستن به‌پێی پێویستی و پسپۆڕییه‌كانی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان”.