ئەمڕۆ 8-3-2018 ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بەمەبەستی هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: خۆشحاڵم بە فەرمانبەرانی رادەگەیەنم لەم مانگەوە مووچەكانیان بەبێ پاشەكەوت دابەشدەكرێت .
وتیشی: لای هەمووان ئاشكرایە كە بە ناچاری لەگەڵ كاك قوباد لە دەرەوەی ئیرادەی حكومەتەكەمان بڕیاری پاشەكەوتی مووچەماندا، دەكرێت بڵێین كە قورسترین بڕیاری سیاسی ژیانمان بوو.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: دەمەوێت سوپاسی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكەین كە لێمان تێگەیشتن و كارەكانی خۆیان بەردەوام كرد لەم سێ ساڵی پاشەكەوتەدا بەخۆڕاگری هەموو لایەك توانیمان ئەو بڕیارە بدەین.
راشیگەیاند: خەڵكی كوردستان شایەنی باشترینن و ئاگاداریشن كە ئەو بڕیارە پەیوەندی بە حكومەتەوە نەبووە و بەڵكو لە ئەنجامی چەند شتێكەوە دروست بووە وەك بڕینی بودجە لەلایەن و بەغدا و شەڕی داعش كە هەزار و سەد كیلۆمەتر حدودی كوردستان لەگەڵ دڕندەترین رێكخراو بووە لە جیهاندا، هەروەها دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری گەورەیان لە دروستبوونی قەیران و دانانی پاشەكەوتی مووچەدا هەبووە سەرەڕای هاتنی یەك ملیۆن و 800 هەزار پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان هۆكار بوو بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە قورسە بدەین.
هەر لە كۆنگرەكەدا نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێكەوتنێكی باش و جارێكی تر خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی ئەو كێشانە نەدەن و بگەینە ئەو ئاستەی بەغدا لەكاتی كێشەكانی لەگەڵ ئێمەدا مووچەی فەرمانبەران وەك كارتی فشار بەكاربهێنن، ئەو پارەیەی كە ئەمڕۆ لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت 522 وەو ئەوە هەموو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە بەڵكو ئێمە لە هەرێم ماوەكەی تەواو دەكەین.
وتیشی: جێگەی خۆیەتی سوپاسێكی تایبەتی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی عیراق بكەم كە ئەوانیش دەوری سەرەكییان لە نەهێشتنی پاشەكەوت بینی و سوپاسی عادل عەبدولمەهدی و د. فواد حسێن بكەم كە كێشەكەیان چارەكرد و لێمان تێگەیشتن.