بەهۆی ئەوەی لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا تاووتوێکردنی رووداو پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و مەسەلەی مانگرتوانی باکوور نەخرابووە بەرنامەی کارەوە، هەر چوار لایەنی ئۆپۆزسیۆن دانیشتنی پەرلەمانیان جێهێشت.
ناسک تۆفیق ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە (خەندان)ی راگەیاند: دوای ئەوەی هەرچوار لایەنی ئۆپۆزسیۆن پێش 48 سەعات یاداشتێکیان بەرزکردەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەبارەت بەپشتگیرکردن لە کوردانی باکوور و خۆرئاوا کە بخرێتە بەرنامەی کارەوە و بەهەڵوێستێکی رەسمی لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەرببڕدرێت، بەڵام نەخرابووە بەرنامەی کارەوە.
ناسک تۆفیق وتیشی: “دوای ئەوەی نوقتەی نیزامی لەلایەن ئێمەوە گیرا کە ئەوە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆیە، چونکە لەمادەی 54ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە کە لەماوەی 48 سەعاتدا هەر فراکسیۆنێک بابەتێکی کتوپڕ هەبێت لەئارادا دەتوانێت پێشنیاز بکات بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە، ئەگەر نەشخرایە بەرنامەی کارەوە بخرێتە دەنگدانەوە”.
راشیگەیاند: دوای ئەوەی گوێ بەداواکارییەکەیان نەدرا، هەر چوار لایەنی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، ئایندە) لەناو هۆڵی پەرلەمان هاتنە دەرەوە.
سەرچاوە- خەندان