پیشانگای نێوده‌وڵه‌تی ئۆتۆمبێل له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌

دوێنێ چوارشەممە لە پیشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر حەوتەمین پیشانگای ئۆتۆمبێل کرایەوە.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پیشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، عەبدولڵا ئەحمەد رایگەیاند “ئەم پیشانگایە تایبەتە بە ئۆتۆمبێل و کەرەستەی یەدەگی ئۆتۆمبێل یەکێکە لەو پیشانگایانەی کە لەئەمساڵدا لە درێژەی پیشانگاکاندا دەکرێتەوە، لەم پیشانگایەی ئەمڕۆ ٢٥ کۆمپانیای جیھانیی ئۆتۆمبێل و کەرەستەکانی ئۆتۆمبێل لە ١٠ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن، لەنێو ئەو ١٤ براندی جیھانیی ئۆتۆمبێل ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان نیشان دەدەن و دەخەنەڕوو، ھەروەھا ١١ براندی جیھانیش کە تایبەتن بە کەرەستەی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل بەشدارن لەگەڵ ئەواندا”.

لە پیشانگاکەدا، پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێم بەشداربوون.

بەڕێوەبەری پیشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر لەدرێژەی قسەکانیدا روونیشیکردەوە ” لەمساڵدا چەندین پیشانگای دیکە دەکرێنەوە؛ لە ١٧ی ئەم مانگە پیشانگایەکی تایبەت بەگەشتوگوزار لە ھەولێر دەکرێتەوە و لە سێی مانگی نیسانیش پیشانگایەکی دیکەی تایبەت بە کتێب دەکرێت، بەگشتی تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە ١٠ پیشانگا لە پیشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر دەکرێنەوە”.

لە پیشانگاکەدا چەندین براندی جیھانی ئۆتۆمبێلی نوێی خۆیان خستبوویە روو، ژمارەیەک لە بازرگانانیش لەنێو پیشانگاکە بۆ تەماشاکردن و بەدواداچوونی جۆر و کوالیتی ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕان بۆ ئەوەی گرێبەست بکەن.