بازاڕی جلوبەرگی کوردی لە سلێمانی گەرمه‌

ساڵانە و لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار و نەورۆز بازاڕی جلوبەرگی کوردی لە ھەرێمی کوردستان گەرموگوڕتر دەکات و ھاووڵاتییان بۆ چوونەدەرەوە و سەیران و گەشتەکانیان زیاتر مەیلی پۆشینی جلی کوردی دەکەن، بەڵام ئافرەتان زیاتر ئەو خواستەیان ھەیە و مانگێک پێش نەورۆز دەست بە ئامادەکاری و گەڕان بە دوای قوماش و دیزاین و دوورێنێکی باشدا دەکەن.

لە شاری سلێمانی جگە لەو بازاڕانەی کە دەکەونە بازاڕی سەرەکی شارەکە و تایبەتن بە جلوبەرگی کوردی ژنان و پیاوان، لەنێو گەڕەکەکانی شارەکەشدا چەندین دوکان و شوێنی فرۆشتنی جلوبەرگی ئافرەتان کراونەتەوە و ژمارەیەکی زۆری ئافرەتانی شارەکە روویان لێدەکەن.

ئیدریس قادر ماوەی ٢٦ ساڵە کاری دوورمانی جلوبەرگی ئافرەتان دەکات، ئەو ستافێکی چوار کەسی ھەیە و وەک خۆی دەڵێت ئەمساڵ خواستێکی گەورە لەسەر جلوبەرگی کوردی ئافرەتان ھەیە و رۆژانە نزیکەی ١٨ کاتژمێر کار دەکەن تاوەکو فریای داخوازی ئەو ئافرەتانە بکەون کە جلوبەرگیان بۆ ھێناون بۆ دوورین.

ئیدریس قادر وتی: “ئەمساڵ زۆر زۆر باشە و بازاڕی جلوبەرگ بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو جیاوازی زۆری ھەیە، ھۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی دۆخی دارایی و کەمبوونەوەی کاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر ھاووڵاتییان کە لە ساڵانی رابردوو کاریگەری زۆری لەسەریان کردووە”.

ئەو وتی: “خواست لەسەر جلوبەرگی کوردی ئافرەتان زۆر جوڵاوە و ئێمە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە خواست لەسەرمان دروست بووە و رۆژانە لە کاتژمێر ٠٨:٣٠ دەست پێ دەکەین تا کاتژمێر دووی شەو بەردەوام دەبین و دەمێنینەوە، بەڵام ئافرەتان زیاتر داخوازی کاری چنینیان ھەیە”.

لەنێو بازاڕەکەدا ئەو دوکانانەی تایبەتن بە جلوبەرگی پیاوان بەراورد بە جلوبەرگی ئافرەتان قەرەباڵغی کەمترە و ژمارەیەکی کەمتری پیاوان دەبینرێن. 

مەحمود مستەفای تەمەن ٥٦ ساڵ ماوەی ٢٦ ساڵە لەو بازاڕەدا کاری فرۆشتنی جلوبەرگی کوردی پیاوانە، ئەمساڵ بەراورد بە سێ تا چوار ساڵی رابردوو جیاوازییەک ھەیە، بەڵام ئەو جیاوازییەی ھەیە زۆر نییە و پیاوان کەمتر لە ئافرەتان روو لە بازاڕ دەکەن بۆ کڕینی جلوبەرگی کوردی بۆ بەھار و نەورۆز”.

ئەو وتی: “ماوەی دوو ھەفتەیە بازاڕ جوڵاوە، بەڵام وەک ساڵانی پێشوو نییە، دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و رێکنەکەوتنی لایەنەکان کاریگەری ھەیە و ئەگەر حکوومەت پێکبێت کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕ دەبێت”.