شەشەمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق، سلێمانی دەستپێدەكات، ماوەی دوو رۆژ بە بەشداری چەندین كەسایەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی و نێودەوڵەتی لەبارەی ڕەوشی سیاسی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ دەكرێت.
سەنتەری لیكۆڵینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق، سلێمانی لە بانگهێشتنامەیەكدا رایگەیاندوە:” رۆژانی 6 و 7ی ئازار شەشەمین دیداری ساڵانە لە ژێر ناونیشانی “عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەرەو سیستمێكی نوێی هەرێمایەتی”، بەڕێوەدەچێت و دیدارەكە سەكۆیەكی گرنگ دەبێت بۆ گفتوگۆكردن.”
كاژێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئاداری 2019 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وتاری دەستپێكردنی دیدارەكە پێشكەش بكات و دواتر پانێڵەكانی دیدارەكە دەستپێدەكات.
خولی ئەمساڵی دیداری سلێمانی كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، دوایین پێشھات و رووداوەكانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیری و حكومڕانییەكی دروست و ئابوورییەكی گەشەسەندوو تاووتوێ دەكرێن.
ھاوكات دیارترین ئەو ئاستەنگانەی كە عێراق روبەڕووی بووەتەوە، وەك چڕی دانیشتووان و پیشەسازیی وزە و گەشەپێدان و وەبەرھێنانی كەرتی تایبەت و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكان و ئاسایشی ئاو و پاراستنی كەمە نەتەوەكان باس دەكرێن.
لە دیداری ئەمساڵدا، دكتۆر بەرھەم ساڵ، سەرۆككۆماری عێراق و سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق و لوئەی خەتیب وەزیری كارەبا و عەبدولئەمیر حەمدانی وەزیری رۆشنبیریی بەشدار دەبن. سیاسەتمەداران و پسپۆڕان و شارەزایان و رۆژنامەوانی عێراقی و جیھانی و وەفدێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بەشدار دەبن. شەشەمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق لەلایەن كەناڵی ئاسمانی كوردساتەوە سپۆنسەری دەكرێت.